تایبەت؛ دهۆک گرێبەستی ئەستێرەیەک هەڵدەوەشێنێتەوە
تەنیا دوای 10 رۆژ؛ خەریکە بەدوای جێگرەوەیەک دەگەڕێن

یاریگا –
یانەی دهۆک لە گواستنەوەی یاریزانێکی بەڕازیلی پەشیمان دەبێتەوە.
زیاتر لە 10 رۆژە، دهۆک گرێبەستی لەگەڵ جواو کابڕاڵ، یاریزانی بەڕازیلی واژۆکردووە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر، گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێتەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، کابڕال مەشقەکانی لەگەڵ دهۆک دەستپێکردووە، بەڵام دەستەی راهێنەران لێی رازینییە.
سەرچاوەکە دووپاتیدەکاتەوە، سێرجیۆ فاریاس، راهێنەری بەڕازیلی یانەی دهۆک لە ئاستی یاریزانەکە رازینییە و لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا، دوای دۆزینەوەی جێگرەوەیەک، دەستبەجێ گرێبەستی کابڕاڵ هەڵبوەشێننەوە.
کابڕال لە دایکبووی ساڵی 1999 (26 ساڵە)، یاریی بۆ یانەی ئیتاباینا، بەشدار لە خولی پلەسێی بەڕازیل کردووە، جیا لەو یانەیە، کابڕال یاریی بۆ یانەکانی ئیپاتینگا، زوومبی، پلانالتینا، ئافۆگادۆس، بۆوا سپۆرتێ و چەندین یانەی دیکە کردووە.
کابڕال یاریی بۆ یانەکانی خولی پلەسێ و چواری بەڕازیل کردووە، لە کۆی گشتیدا 7 یاریی لە خولی پلەسێ کردووە و خاوەنی تەنیا یەک گۆڵە، هەروەها 16 یاریی لە خولی پلەچوار کردووە و خاوەنی سێ گۆڵە.
هێرشبەرە بەڕازیلییەکە یەک یاریی لە جامی بەڕازیل کردووە و خاوەنی یەک گۆڵە.