ئه‌مریکاگرنگترین

توندوتیژی هاندەران یارییەکی کۆپا سودائەمێریکانا هەڵدەوەشێنێتەوە

ڤیدیۆکان مەترسیدارن و ژمارەیەک هاندەر برینداربوون

Yariga App

یاریگا –

لە یارییەکی قۆناخی 16ی کۆپا سودائەمێریکانا، بەهۆی ئاژاوە و شەڕی هاندەران، یاریی نێوان ئیندیپێندێنتی ئەرجەنتینی و یونیڤێرسیدادی چیلی تەواو نەکرا.

دوای زیادبوونی مەترسییەکانی ئەمنی لە گێمی دووەمی یارییەکە، یاریزانانی هەردوو یانە ناچاربوون یاریگای لیبێرتادۆرێس دی ئەمریکا جێبهێڵن و یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 بهێڵنەوە.

هەرچەندە یارییەکە یەکسانبوو، بەڵام لە کۆی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە، یانە چیلییەکە 2-1 لە پێشەوە بوو.

دوای تەواو نەکردنی یارییەکە، یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکا باشوور ‘کۆنمیبۆل’ لە بەیاننامەیەکەی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەی راگەیاند، ئەمەش بەهۆی نەبوونی گەرەنتی ئەمنی لەلایەن یانە و دەزگاکانی ئەمنی شارە ئەرجەنتینییەکە.

کۆنمیبۆل دووپاتیکردووەتەوە، کەیسەکە دەبرێتە دادگاکان و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە رووداوەکە، رادەستی لێژنەی تەمبێکاری یەکێتییەکە دەکرێت.

میدیاکانی ئەرجەنتین بڵاویانکردووەتەوە، دەزگاکانی ئەمنی زیاتر لە 300 هاندەری یونیڤێرسیدادیان دەستگیرکردووە، ئەمە جیا لە برینداربوونی چەند هاندەرێکی دیکە.

گابریێل بووریک، سەرۆکی چیلی بەیاننامەیەکی توندی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردووەتەوە و سەرکۆنەی رووداوەکانی کرد؛

ئەوەی روویدا هەڵەی فرەلایەنە بوو، سەرەتا لە توندوتیژی نێو هاندەران دەستیپێکردووە و دواتر گەیشتە رێکخەرانی یارییەکە.

پێویستە بە توندی بەرپرسیاران سزابدرێن. کاری لە پێشینەی ئێمە وەکو حکومەت، زانینی دۆخی ئەو هاونیشتیمانییانەیە کە هێرشیانکراوەتە سەر، هەروەها رێز لە مافی دەستگیرکراوانیش بگرین.

لە ئەپریل/نیسانی رابردوودا، لە جامی لیبێرتادۆرێس یاریی دێربی نێوان یونیڤێرسیداد دی چیلی و کۆلۆ کۆلۆ دواخرا، دوای کوژرانی دوو هاندەری لاو، بەهۆی پاڵەپەستۆ و ژێرپێکەوتنیان لە یاریگاکە.

رووداوەکانی توندوتیژی لە یاریگاکانی ئەرجەنتین شتێکی باوە، بەگوێرەی داتاکانی کۆمەڵەی هاندەرانی سالڤیمۆس ئال فوتبۆڵ (تۆپی پێ رزگار بکەن)، لە سەدەی رابردووەوە زیاتر لە 350 حاڵەتی مردنی پەیوەندیدار بە تۆپی پێ لە ئەرجەنتین تۆمارکراون.

بابەتی زیاتر

Back to top button