
یاریگا –
فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا پەیامێکی روون و تووند بۆ فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەنێرن.
فیفا و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا بە نووسراوێکی فەرمی، نیگەرانی خۆیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی نێو فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەربڕیوە، بە تایبەت بەڕێوەچوونی کارەکان لەڕووی سەربەخۆیی لێژنەکانی هەڵبژاردن و تێهەڵچوونەوە.
لە نووسراوەکەدا داوا لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کراوە، یاساکانی هەڵبژاردن بەتەواوی جێبەجێ بکات، هەروەها سەربەخۆیی و شەفافیەت بپارێزرێت و رێگە بە دەستوەردانی دەرەکیش نەدرێت.
فیفا داوای لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە، هەڵبژاردنەکان دوابخات کە بڕیارە لە 16ی مانگی داهاتوو بکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەستنیشان بکات.
مانگی داهاتوو، فیفا و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەدواداچوون و دەرخستنی راستییەکان دەنێرێتە بەغدا، تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن.
دیارترین خاڵەکانی نووسراوی فیفا
- بەگوێرەی ماددەی 16 لە سیستمی بنچینەیی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، پێویستە هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی دەستەکانی بڕیار دروستکردن بکرێت.
- دەبێ بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و بە سەربەخۆییەکی تەواو کارەکان بەڕێوەببرێن.
- سەربەخۆیی تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن گەرەنتی بکرێت.
- دەستبەجێ دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی لێژنەی جێبەجێکاری فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ کاتێکی نادیار.
- ناردنی لێژنەیەک بۆ دەرخستنی راستییەکان بۆ بەغدا، تاوەکو لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببێتەوە.
- دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بڕیار لەسەر دۆخەکە دەدرێت.