دوایین پەرەسەندن؛ ئالێکساندەر ئیزاک دوا بڕیاریدا
خەریکە هەموو شتێک یەکلاییدەبێتەوە

یاریگا –
خەریکە چارەسەرکردنی کێشەی ئالێکساندەر ئیزاک بە ئەرێنی یاخود نەرێنی لە نیوکاسڵ یەکلاییدەکرێتەوە.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، ئیزاک بگەڕێتەوە نیوکاسڵ و کۆتایی بە کەمپی مەشقی تایبەتی خۆی لە ئیسپانیا هێنا.
ئیزاک یەکلاییکردووەتەوە و بە یانەکەی راگەیاندووە، دەیەوێت لەم هاوینەدا نیوکاسڵ جێبهێڵێت و بەشداری گەشتی ئامادەکاریی وەرزی نوێی لەگەڵ یانەکەی لە سینگاپوور و کۆریای باشوور نەکرد.
هێرشبەرە سویدییەکە بە تەنیا لە ناوەندی مەشقەکانی ریال سۆسیداد ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە ئینگلتەرا. بڕیارە دووشەممە، شاندی نیوکاسڵ بگەڕێتەوە ئینگلتەرا و ئامادەکارییەکان بۆ پرێمەرلیگ چڕبکاتەوە.
دوێنێ هەینی، تۆڕی ئاتلێتیک رەتکردنەوەی ئۆفەرێکی فەرمی لیڤەرپوولی بۆ ئیزاک لەلایەن نیوکاسڵ بەبڕی 110 ملیۆن پاوەند ئاشکراکرد. تۆڕە ئەمریکییەکە پێی وایە، لیڤەرپوول هیچ ئۆفەرێکی دیکە پێشکەشی ئیزاک ناکاتەوە.
نیوکاسڵ هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی بێنیامین شێشکۆ، هێرشبەری لایپزیگ چڕکردووەتەوە و ئەمڕۆ شەممە، ئۆفەرێکی بەبڕی 70 ملیۆن پاوەند پێشکەشی یانە ئەڵمانییەکە کردووە، تاوەکو ببێتە شوێنگرەوەی ئیزاک.
دوایین لێدوانەکان چیین؟
ئێدی هاو، راهێنەری نیوکاسڵ ئەمڕۆ شەممە لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یارییەکەیان بەرامبەر تۆتنهام لە سیۆل، پایتەختی کۆریای باشوور بەمشێوەیە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد؛
بە تەواوی لەم دۆخەی ئێستا لە نیوکاسڵ روودەدات ئاگادار نیم. ئاگادارکرامەوە دوێنێ هەینی ئۆفەرێکی فەرمی هەبوو، بەڵام پێیان راگەیاندم کە رەتکرایەوە.
بەشێک لە ئەندامانی یانەکە گەڕاونەتەوە ئینگلتەرا و مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن. بەڕاستی نازانم لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام بۆچوونی ئێمە مانەوەی ئیزاکە بە هەموو شێوەیەک. هیوادارم جارێکی دیکە بە درێسی نیوکاسڵ بیبینمەوە.
ئانتۆنی گۆردن، ئەستێرەی نیوکاسڵ یونایتد بۆ یەکەمجار باسی شکستهێنانی گواستنەوەی لە هاوینی رابردوو بۆ لیڤەرپوول دەکات.
خەریکە سیناریۆیەکی هاوشێوە دروستدەبێت، لیڤەرپوول ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی ئالێکساندەر ئیزاک پێشکەشی نیوکاسڵ کرد و دەستبەجێ رەتکرایەوە، گۆردن سۆزێکی زۆری بۆ ئیزاک لەم دۆخەدا هەیە.
گۆردن لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی نیوکاسڵ کڕۆنیکڵ دەڵێت؛
بەلای منەوە بڕیارێکی زۆر سەختبوو، چونکە خەریکی یۆرۆ بووم، کە شتێکی زۆر گەورەبوو بەلای من و ماڵباتەکەم، چونکە بەشداریم لە پاڵەوانیەتییەکەدا کرد و یاریم نەکرد.
لەڕووی داراییەوە، پێموابوو نیوکاسڵ ناچار بە دەستبەرداربوونم دەبێت، ئەمەش بەهۆی یاساکانی یاریی خاوێن.
بەڵام لە کۆتاییدا گواستنەوەکە رووینەدا و دەبووایە لە سەرەتاوە لە بابەتەکە تێبگەم. بەڕاستی وەکو مرۆڤێک زۆر ئەستەم بوو و بەردەوام بیرم لێدەکردەوە.
بابەتەکە زۆر قورسە، بۆیە تەواو لە دۆخی ئێستای ئیزاک تێدەگەم. خەڵک لەبیر دەکات کە یاریزانیش مرۆڤە و بە دۆخی جیاواز تێدەپەڕێت.
هیوادارم لە کۆتاییدا هەموو کەسێک بگات بەو شتەی دەیەوێت.
ئیزاک لە هاوینی 2022 لە ریزەكانی ریال سۆسێدادەوە بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە نیوكاسڵەوە كرد و تاوەكو 2028 گرێبەستی لەگەڵ نیوكاسڵ هەیە، بەهای ئێستای هێرشبەرە 25 ساڵانەكە لە بۆرسەی یاریزانان 120 ملیۆن یۆرۆیە.
ئیزاک لەگەڵ نیوكاسڵ 109 یارییكردووە و 62 گۆڵیكردووە و 11 گۆڵیشی درووستكردووە.