تەواو؛ دهۆک گرێبەستی یاریزانێکی نوێکردەوە

یاریگا –
دهۆک بەفەرمی گرێبەستی سیابەند عەگید بەرگریکاری یانەکەی نوێکردەوە.
یانەی دهۆک لەگەڵ سیابەند عەگید گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و گرێبەستی ئەو یاریزانە لاوەی نوێکردووەتەوە، کە وێنەیەکی یاریزانەکە و عەبدوڵا جەلال سەرۆکی یانەکە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە، لەو ماڵەی بە لۆگۆ و سیمبوڵەکانی یانەکە رازێنراوەتەوە، لە گەڕەکی زۆزان لە شاری دهۆک گریىەستە نوێیەکەیان واژۆ کردووە.
سیابەند عەگید (21 ساڵ) ساڵی 2020 لە لاوانی زاخۆوە پەیوەندی بە ریزەکانی دهۆکەوە کرد و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو و جامی عێراقی لەگەڵ هەڵۆیەکانی چیا بەدەستهێنا و یەکێک بوو لەو یاریزانانەی یانەکەیان گەیاندەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
سیابەند وەرزی رابردوو لەگەڵ دهۆک لە جام و خولی عێراق لە 37 یاری 3 گۆڵ و 2 ئەسیستی کرد و لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو یاریزانە 275 هەزار یۆرۆیە.