گاڵاتاسەرای گرنگی بە گواستنەوەی پاڵەوانی ئەوڕوپا دەدات

یاریگا –
گاڵاتاسەرای بە وردی چاودێری دۆخی جیانلویجی دۆنارۆما و ناکۆکی ئەم گۆڵپارێزە لەگەڵ پاریس سانجێرمان دەکات.
دۆنارۆما ساڵێکی دیکە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس کۆتایی دێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی داهاتووی ئەو گۆڵپارێزە دروستکردووە.
دانوستانەکان بۆ کەمکردنەوەی مووچەکانی پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، شەوی رابردووش رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی نووسی، پاریس سانجێرمان بە تەواوی ئامادەیە لەم هاوینەدا دەستبەرداری دۆنارۆما ببێت و نایەوێت ئەستێرەیەکی دیکە بێبەرامبەر لەدەست بدات.
بۆ دۆنارۆما قورسە یانەیەکی خولی ئیتاڵیا بدۆزرێتەوە کە ئامادەبێت مووچەی ئێستای کە 12 ملیۆن یۆرۆیە لە ساڵێکدا بدات، تەنانەت ئەگەر یۆڤێنتوس و ئینتەرمیلانیش هێشتا ئارەزووی ئەوە بکەن. لە پرێمەرلیگدا، چێڵسی و مانچێستەر یونایتد زیاتری پێشکەش دەکەن.
بەڵام توتۆ مێرکاتۆ لە دوایین راپۆرتیدا نوسی کە بەڕێوبەرانی گالاتاسەرای پێیان وایە دەتوانن هەنگاو بۆ ئەم گواستنەوەیە بنێن و ئەستێرە ئیتاڵییەکە بگوازنەوەی خولی تورکیا. ئەوان پێشتر وەبەرهێنانی گەورەیان کردووە، لەوانە گرێبەستکردن لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆسیمین لە یانەی ناپۆلیەوە بە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ، هاوکات پێشتریش هەوڵی گواستنەوەی گۆڵپارێزەکانی وەک مایک ماینان لە ئەی سی میلان و ئیدرسۆن لە مانچێستەر سیتییان داوە.