ئامانجێکی ئاسانم؛ ئەستێرەیەکی مەغریب دادگایی دەکرێت
تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی دراوەتەپاڵ

یاریگا –
یاریزانە نێودەوڵەتییەکەی مەغریب و یانەی پاریس سانجێرمان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X بڵاوکردەوە.
دەسەڵاتدارانی دادوەریی فەرەنسا دووپاتیان کردەوە کە ئەشرەف حەکیمی بەهۆی تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسییەوە دادگایی دەکرێت، دوای ئەوەی دادگای تێهەڵچوونەوەی فەرەنسا داواکاریی ئەو یاریزانەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رووبەڕووبوونەوەی دادگا رەتکردەوە، کە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی پێشکەشکراو لەلایەن کچێکی گەنجەوە لە ساڵی 2023 تۆمارکرابوو.
وەکوو باس دەکرێت، یاریزانەکە لەم بڕیارە ئاگادار کراوەتەوە لە کاتێکدا لەگەڵ شاندی تیمی نیشتمانیی مەغریب لە کەمپی ئامادەکاریی مۆندیالدا بووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش یارییەکەی مەغریب لە بەرامبەر سکۆتلەندا.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، حەکیمی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X کاردانەوەی نیشاندا و نووسی: “هەست دەکەم من ئامانجێکی ئاسانم.”
یاریزانە نێودەوڵەتییەکەی مەغریب، کە لە دایکبووی ئیسپانیایە، بەردەوام بوو لە لێدوان لەسەر بارودۆخەکە لە رێگەی تۆڕی کۆماڵایەتییەوە. رۆژی پێنجشەممە، ئەو تێڕامانێکی راستەوخۆتری بڵاوکردەوە و نووسی:
دادپەروەری سەیری نێوچاوانی کردم و پێی گوتم: ئەگەر بەناوبانگ نەبووایت، هەرگیز هیچ دۆسیەیەک نەدەبوو.
تێبینییەکی گرنگ: پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەرکردنی فەرمانی دادگاییکردن بە چەمکی دیاریکردنی تاوانباریی نایەت. ئامانجی سەرەکی لە دادگاییکردنەکە ئەوەیە کە دادگا پێداچوونەوە بە بەڵگە و بەڵگەنامەکانی هەردوولادا بکات پێش ئەوەی بگاتە بڕیاری کۆتایی. حەکیمی وەکوو کەسێکی بێتاوان سەیر دەکرێت مەگەر و تاوەکوو ئەو کاتەی دادگا پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.



