
یاریگا –
ریال مەدرید بڕیاریدا بڕگەی گەڕانەوەی نیکۆ پاز کارا نەکات و وەرزی داهاتووش لە کۆمۆ دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فابریزیۆ رۆمانۆ، ریال مەدرید کۆمۆی ئاگادار کردووەتەوە کە لە هاوینی ئەمساڵدا بەندی گەڕانەوەی نیکۆ بە 8 ملیۆن یۆرۆ کارا ناکەن. نیکۆ پاز، یاریزانی ئەرجەنتینی لەدایکبووی شاری تێنریفییە، وەرزی داهاتووش بە سەرپەرشتی سێسک فابرێگاس لە کۆمۆ دەمێنێتەوە و یانەکەش پێویستی بە تواناکانی ئەم بەهرەمەندە لاوە بۆ وەرزی داهاتوو هەیە.
🚨🇦🇷 Real Madrid confirmed to Como that they won’t activate €8m buy back clause for Nico Páz, also formal communication has arrived.
Como plan to keep Páz this summer and then Real will have €9m buy back clause for next summer.
🎥🇮🇹 https://t.co/dRchX44jSo pic.twitter.com/2XwwpLKupC
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) July 13, 2025
دوای بڕیارەکەی ریال بۆ نەگەڕاندنەوەی، داهاتووی دوای 30ی حوزەیرانی 2026 دیار نییە، ساڵی داهاتوو نرخی گەڕاندنەوەی زیاتر دەبێت و ریال مەدرید دەرفەتێکی دیکەی هەیە بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو بە 9 ملیۆن یۆرۆ بیکرێتەوە.
نیکۆ پاز لە یەکەم وەرزیدا لە تۆپی پێی پیشەگەری لە هەشت یاریدا تەنیا 128 خولەک یاری بۆ ریال مەدرید کرد و کاریگەرییەکی بەرچاوی نەبوو، یانەکە بریاریدا لە گواستنەوەکاندا بیفرۆشێت و بە 6 ملیۆن یۆرۆ لە لایەن تیپەکەی فابرێگاسەوەی گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ کرا بەڵام گرێبەستەکەی بەندی کڕینی دووبارەی لەخۆگرتبوو بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ریال بتوانێت بە ئاسانی بیگەڕێنێتەوە.
پاز لە 36 یاری لە کۆی 38 یاریی سێریا ئەی بەشداری کرد، زۆربەیان وەک یاریزانێکی سەرەکی بەشداری کرد و بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ و 8 ئەسیست، رۆڵی سەرەکی بینی لە سەرکەوتنەکانی یانەکە، کە بە کۆکردنەوەی 49 خاڵ پلەی 10ی سێریا ئەی بەدەستهێنا. ئاستە بەرزەکانی وایکردووە بەهای ئەو یاریزانە بگاتە 35 ملیۆن یۆرۆ، کە زۆر زیاترە لەو 8 ملیۆن یۆرۆیەی کە ریال مەدرید دەتوانێت خەرجی بکات بۆ گەڕاندنەوەی.