لەسەر داوای فلیک ئەستێرەیەک لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە

یاریگا –
فێرمین لۆپێز، یاریزانی لاوی بارسێلۆنا کە لە لیستی فرۆشی یانەکە لەم هاوینەدا بوو، لەسەر داوای فلیک دەمێنێتەوە.
فیرمین یەکێکە لە یاریزانە دڵخوازەکانی هانزی فلیک و لە پلانەکانی فلیک بۆ وەرزی داهاتوودایە و گواستنەوەی یاریزانی نوێ بەندە بە جێهێشتنی مارک ئاندرێ تێر شتیگن و فرۆشتنی بەرگریکارێکی ناوەڕاست نەوەک فێرمین.
بە گوێڕەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئاس، رێنماییەکانی هانزی فلیک کە لەلایەن دیکۆوە پەسند کراوە، یانەکە لە هاویندا دەستبەرداری فێرمین نابێت، هەرچەندە پێشووتر لە لیستی فرۆشی بارسا دابوو و ئۆفەری پرێمەرلیگ و تەنانەت سعودیەشی پێگەیشتبوو، بەڵام دواجار بە بڕیاری راهێنەرە ئەڵمانیەکە مایەوە.
فێرمین بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی لە مەشق و راهێنانەکان و لە یارییەکان و رۆڵی ئەرێنی لە ژووری جلگۆڕین بووەتە یەکێک لە یاریزانە دڵخوازەکانی فلیک و وەرزی رابردوو هەلی زیاتری پێدرا بۆ سەلماندنی تواناکانی و لە کۆتاییدا بە گۆڵەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆڵ بردنەوەی نازناوی لالیگای بۆ بارسێلۆنا مۆر کرد.
فیرمین بە دڵێکی فراوانەوە شوێنگرەوەی گاڤی و ئۆلمۆی لەسەر کورسی یەدەگ قبوڵ کردووە و گلەیی لە بارودۆخی ناکات و بە ئاست و ئامار وەڵام دەداتەوە. وەرزی رابردوو تەنیا لە 2000 خولەکدا 8 گۆڵ و 10 ئەسیستی تۆمارکرد.