
یاریگا –
زیدان ئیقبال، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی عێراق، باسی لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ یانەکەی پێشووی مانچێستەر یونایتد کرد.
زێدان ئیقبال کە ئێستا یاریی بۆ یانەی ئۆترێختی هۆڵەندی دەکات و وەرزی رابردوو 18 جار لە رکابەرییەکانی ئاردڤۆیس یاری کردووە، یانەکەی توانی لە پلەی چوارەمی خولی هۆڵەندی جێگیر بێت و کۆتایی بە وەرزەکەیان بهێنن.
یاریزانە ناوەڕاستەکارەکەی عێراق کە تەنیا یەک یاری بۆ تیپی یەکەمی مانچێستەر یونایتد وەکوو یاریزانێکی یەدەگ لە 2021 کردووە، هیچ جارێکی دیکە هەلی یاری کردنی بۆ نەرەخساوە و ئەمە تاکە یاری فەرمی بوو لە سەردەمی رالف رانگنیکی راهێنەری کاتی یانەکە، بەڵام وەک یاریزانەکە خۆی دەڵێت، ماوەی بێزاری و ناڕازیبوونی لە پێنەدانی هەل بۆ یاریی کردنی لە سەردەمی ئێریک تێنهاخ دەستیپێکرد.
یاریزانە عێراقییەکە دەڵێت جارێک پێی گوترا کە بڕیارە لە یارییەکدا لە پێکهاتەی سەرەکی بێت و یاری بکات، بەڵام لە رۆژی یارییەکە بۆی دەرکەوت پێکهاتەکە گۆڕاوە، ئەمەش وای لێکرد هەست بە بێڕێزییەکی زۆر لەلایەن ستافی راهێنەرایەتییەوە بکات.
زیدان ئیقبال لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ناشناڵ گوتی:
تەنیا داوای ئەوەم دەکرد 10 خولەک لە کورسی یەدەگەوە دووربکەمەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەم کە توانای چیم هەیە و بەڕاستی ئەوە دڵتەنگی دەکردم کە وادیار بوو راهێنەرەکە وا بیری دەکردەوە شایەنی هیچ دەرفەتێک نیم بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە ئایا دەتوانم خۆم بسەلمێنم یا خود نا.
لەگەڵ باوکم و بەڕێوەبەری کارەکانم قسەم کرد و گوتم:
ناتوانم ساڵێکی تر ئەم بارودۆخە قبوڵ بکەم. لە دەرەوە هەموو شتێک بەلای هاوڕێکانمەوە زۆر جوان دەرکەوت چونکە لەگەڵ تیپی یەکەم مەشقم دەکرد و لەگەڵیان گەشتم دەکرد. بەڵام بۆ من لە رووی دەروونییەوە زۆر قورس بوو، چونکە تەنیا رێگەم پێدرابوو مەشق و راهێنان بکەم و هەروەها یاریکردنم بۆ تیپی خوار 23 ساڵان لێ قەدەخە کرابوو.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
بڕیار بوو لە یاری جامی یەکێتی ئینگڵتەرا بەرامبەر چارڵتۆن ئاتلێتیک لە پێکهاتەی سەرەکی بم. لە هەموو مەشقەکانی تاکتیکیدا بووم پێش یارییەکە وەک یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەر راهێنانم دەکرد.
لیساندرۆ مارتینێز هاتە لام و گوتی:
ئەمە چانسی تۆیە. هەموومان پاڵپشتیت دەکەین. خۆت نیشان بدە. تۆ یاریزانێکی باشی. ئێمە شەڕت بۆ دەکەین. تۆش دەبێت ئامادە بیت بۆ شەڕکردن.
قسەکانی ئیلهامبەخش بوون و وەک سەرکردەیەکی بەهێزی تیپ و یاریزانێکی نایاب بەرزی دەنرخێنم. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بلیتی یارییەکەم بۆ خێزان و هاوڕێکانم کڕی تا سەیری یاریکردنم بکەن. پێم وابوو دواجار کاتی منیش هاتووە تا خۆم بسەلمێنم.
بەڵام کاتێک گەیشتمە یاریگاکە و سەیری پێکهاتەم کرد، ناوی خۆمم لە لیستەکەدا نەبینی. زۆر بێ هیوا بووم. پاشان لە دڵی خۆمدا گوتم، رەنگە وەک یەدەگ بێمە ناو یاریگا، بەڵام هەرگیز رووی نەدا. لەو ساتەدا، ئەوە خاڵی کۆتایی بوو بۆ من. هەستم دەکرد راهێنەر ئەو رێزەی لێنەگرتم کە شایەنی بووم.
زێدان ئیقبال هەر لە تەمەنی منداڵیەوە لە ریزەکانی لاوانی مانچێستەر یونایتد دەستی بە یاریی کردن کردووە دواتریش بۆ تیپەکانی خوار 18 ساڵان و 21 ساڵان و 23 ساڵان و دواتر بۆ تیپی یەکەم سەرخرا و لە ساڵی 2023 شەیتانە سوورەکانی بە جێهێشت و پەیوەندی بە ئۆترێختی هۆڵەندی کرد.