ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

فەرمی؛ ئێڤەرتن گواستنەوەی ئەستێرەیەکی راگەیاند

"دڵخۆشم کە لێرەم"

Yariga App

یاریگا –

ئێڤەرتن گرێبەستی واژۆکردنی هایدن هاکنیی لە میدلزبرۆوە بە بڕی سەرەتایی 16.5 ملیۆن پاوەند تەواو کردووە.

تێچووی گرێبەستی ئەم یاریزانەی هێڵی ناوەڕاستە دەکرێت بەرزبێتەوە بۆ کەمێک کەمتر لە 25 ملیۆن پاوەند، ئەگەر سەرجەم مەرجەکان بێنە دی، کە بەستراونەتەوە بە ژمارەی بەشدارییەکانی، بانگهێشتکردنی بۆ تیمی ئینگلتەرا و گەیشتنی ئێڤەرتن بە پاڵەوانییەتییەکانی ئەورووپا. میدلزبرۆ هەروەها مەرجێکی وەرگرتنی رێژەی فرۆشتنەوەی داهاتووی هەیە، کە بەستراوەتەوە بە قازانجی داهاتووەوە وەکوو بەشێک لەم گواستنەوەیە. یاریزانەکە گرێبەستێکی پێنج ساڵەی واژۆ کردووە.

ئێڤەرتن بۆ چەندین ساڵ بوو هەوڵی هێنانی هاکنیی دەدا، کە باشترین یاریزانی وەرزی 2025-2026ـی چامپیۆنشیپ بوو. ئەوان هاوینی رابردوو بیریان لە گواستنەوەی کردبووەوە، پێش ئەوەی مێرلین رۆڵ بە شێوازی خواستنی سەرەتایی لە فرایبۆرگەوە بگوازنەوە.

تیمەکەی پریمەرلیگ توانی رکابەریی یانەکانی دیکەی نێو خولەکە تێپەڕێنێت بۆ بردنەوەی پێشبڕکێی گواستنەوەی ئەم یاریزانە تەمەن 24 ساڵانە. مانگی رابردوو تۆڕی ئاتلێتیک، هەواڵی دابوو کە خواستی ئەو پەیوەندیکردن بووە بە ئێڤەرتنەوە و گرێبەستەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دوای گفتوگۆیەکی درێژخایەنی مانگێک لەنێوان هەردوو یانەکەدا رێککەوتنی لەسەر کرا.

هایدن هاکنی، یاریزانی نوێی ئێڤەرتن

هاکنی بە تەلەڤیزیۆنی ئێڤەرتنی راگەیاند:

دڵخۆشم کە لێرەم. هەر کە لەگەڵ راهێنەرەکەدا قسەم کرد، هەر کە زانیم ئێڤەرتن گرنگی بە من دەدات، بۆ ئەوەی راستگۆ بم، هەمیشە بڕیارەکەم ئێڤەرتن دەبوو. ئەمە یانەیەکی زۆر گەورەیە، لەگەڵ یاریگا نوێیەکە و ئەو ئاڕاستەیەی کە پێیدا دەڕوات. من تەنیا دەمویست ببمە بەشێک لەوە. هەروەها مێژووی سەرکەوتنی راهێنەرەکە لە هێنانی یاریزانان لە چامپیۆنشیپەوە بۆ پریمەرلیگ بەشێکی گەورەی بڕیارەکەم بوو. هیوادارم من ببمە کەسی داهاتوو کە ئەمە بە سەرکەوتوویی بۆ ئێڤەرتن ئەنجام بدەم. بە دڵنیاییەوە هەست دەکەم ئەمە بۆ من زۆر گونجاوە. پێم وایە ئەوە شتێکی روونە کە تۆ دەبێت بە سەختی کار بکەیت، رابکەیت و تۆپ بپچڕێنیت. من ئەوە دەکەم. پێم وایە هاندەران دەتوانن چاوەڕوانی هەموو شتێکم لێ بکەن، لە رووی هێرشبەری و بەرگرییەوە. پێم وایە دەتوانم تۆپەکە بە باشی بگوازمەوە، لە کاتی گونجاودا بگەمە نێو ناوچەی سزا و هیوادارم هەندێک گۆڵیش بکەم. پێم وایە هێشتا زۆر شتی زیاترم هەیە پێشکەشی بکەم. ئاشکرایە کە من هێشتا لە پریمەرلیگدا یارییم نەکردووە، بۆیە کاتێک لەگەڵیدا رادێم، پێم وایە دەتوانم لەوێوە بەرەو پێش بچم.

دەیڤد مۆیس پەرۆش بووە بۆ بەهێزکردنی بژاردەکانی هێڵی ناوەڕاستی لەم هاوینەدا. ئێڤەرتن هەروەها گرێبەستی هەمیشەیی رۆڵی پشتڕاستکردووەتەوە، دوای ئەوەی مەرجی کڕینەوەی ناچاری کارا بوو کاتێک تیمەکەی مێرسیساید مانەوەی خۆی لە پریمەرلیگ بۆ وەرزێکی دیکە مسۆگەر کرد.

بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی ئیدریسا گویێ و نادڵنیایی لەسەر داهاتووی تایک ئیرۆگبونام، هەمیشە ئەو هەستە هەبوو کە ئێڤەرتن لەم هاوینەدا پێویستی بە لانی کەم یەک یاریزانی نوێی هێڵی ناوەڕاست دەبێت. جووڵەکردن بۆ هێنانی یاریزانێکی دیکەش ئەگەری هەیە ئەگەر یەکێک لە گویێ یان ئیرۆگبونام رۆیشتن، کە چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر داهاتووی یەکەمیان بکرێت.

هایدن هاکنی، یاریزانی نوێی ئێڤەرتن

مۆیس لەبارەی ناوەڕاستکارە نوێیەکە گوتی:

هایدن یاریزانێکی گەنجی بەهرەمەندە کە بۆ ماوەیەکە چاودێریی دەکەین و من بە پەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵیدا. ئێمە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا مێژوویەکمان هەبووە لە دەستنیشانکردنی یاریزانان لە چامپیۆنشیپدا کە دواتر ئاستێکی زۆر باشیان بۆ ئێمە پێشکەش کردووە و وەبەرهێنانی باش بوون. هیوادارین ئەمە بۆ هایدنیش بە هەمان شێوە بێت. ئەو یاریزانێکی نێودەوڵەتی تیمی ژێر 21 ساڵانی ئینگلتەرایە کە کێبڕکێی زیاتر لە هێڵی ناوەڕاستدا دروست دەکات، ئەمەش شتێک بوو کە دەمویست لەگەڵ چوونە نێو وەرزی نوێدا هەمبێت.

تۆڕە ئەمریکییەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئاشکراشی کرد کە ئێڤەرتن و چێڵسی لە گفتوگۆدان لەسەر گرێبەستێکی هەمیشەیی بۆ یاریزانی خواستراو تاریق جۆرج، دوای ئەوەی تیمەکەی مێرسیساید بڕیاریدا مەرجی کڕینەوەی بە بڕی 25 ملیۆن پاوەند کارا نەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button