تاوەکو ئێستا دهۆک و هاروون ئەحمەد لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان رێکنەکەوتوون
هەفتەی داهاتوو دووبارە کۆدەبنەوە و ٪90 هاروون گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە

یاریگا –
تاوەکو ئێستا دهۆک و هاروون ئەحمەد سەرەڕای ئەوەی دوو جار کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان رێکنەکەوتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هاروون ئەحمەد و دهۆک لەم هەفتەیە تاوەکو ئێستا دوو جار لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، دوای یارییەکەی دهۆک بەرامبەر کەرخ هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، تاوەکو ئێستا دهۆک و هاروون ئەحمەد نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، بەڵام بە رێژەی ٪90 هاروون لە دهۆک دەمێنێتەوە و گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە، هەردوولا دەیانەوێت بەیەکەوە بەردەوام بن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژنای داهاتوودا هاروون گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، سێ یانەی گەورەی عێراق و یانەیەکی کوێتی بۆ گواستنەوەی هاروون ئەحمەد لەسەر هێڵن، بەڵام هاروون لە مانەوەی نزیکترە و ئەگەر لەبارەی نرخی گرێبەستەکەی بگاتە رێککەوتن، ئارەزوو دەکات لە دهۆک بەردەوام بێت، کە ئەم وەرزە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا و بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەش دەستنیشانکرا.
هاروون ئەحمەد (30 ساڵان) سەرەتای ساڵی 2024 لە دالکوردەوە پەیوەندی بە ریزەکانی دهۆکەوە کرد و پێشتر لە زاخۆش یاریی کردووە و ئەمساڵ بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا.