کۆمەڵێک بڕیاری حکومی؛ سەردەمی سعوودیە لە دوای رۆناڵدۆ جیاوازە
حکومەتی سعوودیە کۆمەڵێک بڕیار دەدات

یاریگا –
سەردەمی دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕ دەستیپێکرد و کۆمەڵێک گۆڕنکاری گەورە دەکرێن.
سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە بڕیاریداوە، خاوەندارێتی نەسڕ بفرۆشێتە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و لە کەرتی گشتی جیابکاتەوە.
محەمەد بوکەیری، رۆژنامەنووسی دیاری سعوودیە دووپاتیدەکاتەوە، خاوەندارێتی یانەکانی هیلال، ئیتیحاد و نەسڕ لە سندووقی وەبەرهێنانی گشتی جیادەکرێتەوە و رادەستی کۆمپانیای دیکە دەکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسەکە، کۆمپانیای گەشەپێدانی ناوەندی جددە لە 75%ی پشکەکانی ئیتیحاد دەکڕێتەوە، لەلایەکی دیکەوە ریاز ئێر، هەمان رێژە لە نەسڕ دەکڕێتەوە، هەروەها کۆمپانیای مەملەکە لە 75%ی پشکەکانی هیلال دەکڕێتەوە، بەمەش تەنیا هیلال بە تەواوی لەژێر چەتری سندووقی وەبەرهێنان دێتە دەرەوە، چونکە کۆمپانیای مەملکە پێشتریش 17%ی پشکەکانی هەبوو.
یانەکانی ئیتیحاد و نەسڕ بەشێوەیەک لە ژێر چەتری سندووقی وەبەرهێنان دەمێننەوە، چونکە تەنیا لە 75%ی پشکەکانی فرۆشتووە.
لەدوای گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ نەسڕ، حکومەتی سعوودیە بە مەبەستی فراوانکردن و بەرەوپێشبردنی خولی رۆشن، بڕیاریدا خاوەندارێتی یانەکانی نەسڕ، هیلال، ئەهلی و ئیتیحاد رادەستی سندووقی وەبەرهێنانی گشتی بکات، تاوەکو لە گواستنەوەی یاریزاناندا، بوودجەی پێویست و خێرا دابین بکات.
ئەمەش بووە هۆی گواستنەوەی ئەستێرەی وەکو سادیۆ مانێ، کەریم بێنزێما، فابینیۆ، ئێنگۆلۆ کانتێ، ریاز مەحرز، رۆبێرتۆ فیرمینۆ و جۆردان هێندرسن.