
یاریگا –
دوای مسۆگەر کردنی ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، راهێنەری زاخۆ ئامانێکی دیکەی ئەم وەرزەی تیپەکەی ئاشکرا دەکات.
زاخۆ بە وەرگرتنی خاڵێک لە یانەی نەجەف لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بە فەرمی ریزبەندی سێیەمی خولەکەی مسۆگەر کرد، دوای تەواوبوونی یارییەکە عەبدولغەنی شەهد ئامانجێکی دیکەی زاخۆی ئاشکرا کرد ئەویش کێبڕکێ کردنە لەسەر نازناوی جامی عێڕاق بۆ ئەم وەرزە.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری زاخۆ دەربارەی یارییەکەی بەرامبەر نەجەف زیاتر گوتی:
گێمی یەکەم لە ئاستی پێویست دا نەبووین، لە گێمی دووەم دەمانتوانی سێ خاڵی یارییەکەش بەدەست بهێنین، پیرۆزە بە ریزبەندی سێیەم لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دەستەی کارگێڕی و تەواوی هاندەران، ئامانجێکی دیکەی ئێمە بە دەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی جامی عێڕاقە بۆ ئەوەی بتوانین دڵی هاندەران خۆش بکەین، چونکە ئەوان شایستەی هەموو شتێکن.
لە وەرزی داهاتوو زاخۆ بە فەرمی بەشداری پاڵەوانێتیەکی دەرەوە دەکات، دوای ئەوەی بە 67 خاڵ ریزبەندی سێیەمی مسۆگەر کرد و 10 خاڵ لە پێش یانەی تەڵەبەی خاوەن ریزبەندی چوارەم دێت.