تەواو؛ ڤیکتۆر یۆکێرێش یانەی داهاتووی خۆی یەکلایی کردەوە
لە نێوان مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵ بڕیاری خۆی دا

یاریگا –
ڤیکتۆر یۆکێرێش لە نێوان ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد بڕیاری خۆیداوە و بە کەسە نزیکەکانی خۆی گوتووە ئەم هاوینە دەچێتە کامە یانە.
رادیۆی تۆک سپۆرتی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ڤیکتۆر یۆکێرێش هێرشبەری سویدی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنی پۆرتوگاڵی بە خێزانەکەی و کەسانی نزیکی خۆی گوتووە، ئەم هاوینە پەیوەندی بە ریزەکانی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەکات، کە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە هەریەکە لە ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد دەیانەوێت ئەو هێرشبەرە سویدییە بگوازنەوە.
EXCLUSIVE: Viktor Gyokeres has privately revealed what Premier League move he expects to makehttps://t.co/YNXuJdZVrD
— talkSPORT (@talkSPORT) June 19, 2025
ئەلێکس کرووک رۆژنامەنووسی بەریتانی لە بەرنامەی برێکفاست لە رادیۆی talkSPORTـی بەریتانی ئاشکرایکردووە :’لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو نامەیەکم بۆ هات، ڤیکتۆر یۆکێرێش بە کەسە نزیکەکانی گوتووە لە چوونی بۆ ریزەکانی ئارسیناڵ نزیکە’.
پێشتر رۆژنامەی گاردیان ـی بەریتانی ئاشکرایکردبوو، یۆکێرێش رەتیکردووەتەوە بچێتە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد و گوتویەتی دەیەوێت لە چامپیۆنزلیگ یاریی بکات، بۆیە نایەوێت ئەم هاوینە رووبکاتە ریزی شەیتانە سوورەکان.
نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یۆکێرێش لە سپۆرتینگ لیسبۆن 85 ملیۆن پاوەندە، کە هێرشبەرە 27 ساڵانەکە وەرزی رابردوو گۆڵکاری خولەکانی ئەوروپا بوو، 39 گۆڵی لە خولی نایابی پۆرتوگاڵ کرد.
یۆکێرێش ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 75 ملیۆن یۆرۆیە و لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە 52 یاری 54 گۆڵ و 13 ئەسیستی کردووە، کە هاوینی 2023 لە کۆڤێنتری سیتییەوە بەرامبەر 24 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی سپۆرتینگ لیسبۆن کرد.