
یاریگا –
فێرلاند مێندی بەهۆی پێکانەکەی تاوەکو مانگی ئۆکتۆبەر ناتوانێت بگەڕێتەوە یاریگاکان.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پێکانەکەی فێرلاند مێندی بەرگریکاری فەڕەنسی ریال مەدرید زۆر لەوە گەورەترە کە پێشبینی دەکرا، ئەو بەرگریکارە فەڕەنسییە ناتوانێت تاوەکو چوار مانگی دیکە پێ لە تۆپ بداتەوە، بەلایەنی کەم ناتوانێت تاوەکو مانگی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم یاریی بکاتەوە.
رۆژنامە مەدریدییەکە راشیگەیاندووە، مێندی کە مانگی مارس تووشی پێکان بوو، چاوەڕێ دەکرا زووتر بگەڕێتەوە، بەڵام دەرکەوتووە ناتوانێت تاوەکو ئۆکتۆبەر بگەڕێتەوە، کە ئەم وەرزە چوار جار تووشی پێکانی جیاواز بووە و دوو مانگە لە یاریگاکان دابڕاوە.
بەرگریکارە 30 ساڵانەکە کە تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید هەیە، سەرەتای مانگی مارس لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید تووشی پێکان بوو، پێشبینی دەکرا چەند هەفتەیەک لە یاریگاکان داببڕێت، بەڵام پێکانەکەی لەو گەورەترە کە پێشبینی دەکرا.