دوایین پەرەسەندن؛ گۆڕانکاری لە گرێبەستی خوان گارسیا دەکرێت
دوێنێ کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوە لە نێوان دێکۆ و نوێنەرانی گۆڵپارێزەکە کراوە

یاریگا –
پەیوەندیکردنی خوان گارسیا، گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل بە بارسێلۆنا زۆری نەماوە، بەڵام گۆڕانکاری لە گرێبەستەکە روویداوە.
کەیسی گارسیا ئێستا لە بارەگای لالیگایە و بارسێلۆنا چاوەڕێی پەسندکردنی پڕۆسەی گواستنەوەکەیە. هەفتەی رابردوو گارسیا دوا بەڵێی بۆ بارسێلۆنا کرد و ئێستا هەمووان لەسەر گواستنەوەکە رێککەوتوون.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە رێککەوتنی نێوان بارسا و گارسیا لەسەر واژۆکردنی گرێبەستێک بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوو، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، گۆڕانکاری لە شێوازی گرێبەستەکە کراوە و ماوەی گرێبەستەکە بۆ شەش ساڵ درێژکراوەتەوە، بەمەش تاوەکو ساڵی 2031 لە بارسا دەمێنێتەوە.
بارسێلۆنا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی چالاکی لە بازاڕی گواستنەوەکاندا بکات، بۆ پاراستنی یاریزانانی و نەبەزاندنی سنووری مووچەکان، هەفتەی رابردوو، بارسێلۆنا و گارسیا گفتوگۆیان لەسەر درێژکردنی ماوەی گرێبەستەکە بۆ شەش ساڵ کرد و رێککەوتن.
دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسا و رامۆن ڤالێنسیا، پارێزەری یاریزانەکە و نوێنەری ئاژانسی نیاگارا دوێنێ سێشەممە لە ناوەندی وەرزشی خوان گامپەر کۆبوونەوە و لەسەر چۆنیەتی خەرجکردنی 25 ملیۆن یۆرۆ رێککەوتن، کە ئەمە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گارسیایە لە ئیسپانیۆل.
🚨 Noticia MD
🟦🟥 Cambio de planes en el contrato de Joan Garcia con el Barça: firmará hasta 2031
✍️ @martinezferran https://t.co/8v09TWvdm7
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) June 11, 2025
لە کەیسی لامین یامال هەمان بابەت روویدا، سەرەتا بارسێلۆنا نیازی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەبوو، بەڵام دواتر بۆ شەش ساڵ زیادکرا.