ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

تەواو؛ پێرێز گرەوەکەی لە خلێفی بردەوە و ماستانتونۆ دەبێتە یاریزانی ریال مەدرید

دوای مۆندیالی یانەکان یاریزانە 17 ساڵانەکە درێسی ریال مەدرید دەپۆشێت

Yariga App

یاریگا –

فلۆرێنتینۆ پێرێز گرەوەکەی لە ناسڕ خلێفی بردەوە و ماستانتونۆی لە چنگی پاریس سانجێرمان رفاند و ئەو یاریزانە لاوە دوای مۆندیالی یانەکان پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدەوە دەکات.

رۆژنامەی مارکاـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فرانکۆ ماستانتونۆ پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە دەکات، لەکاتێکدا ئەو یاریزانە لە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمان نزیکبوو، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز پێداگیری لەسەر پەلکێشکردنی ئەو یاریزانە لاوەی ریڤەر پلەیت دەکرد.

رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز هەمان سیناریۆی ئاردا گولەری دووبارە کردەوە، دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک بارسێلۆنا نزیکبوو یاریزانە لاوە تورکەکەی فێنارباهچێ بباتە ریزەکانی، پێرێز بڕیاریدا خونی کالافات بەڕێوەبەری دۆزرەوەی یاریزانان بنێرێت بۆ ئەوەی ئەو گرێبەستە یەکلا بکاتەوە، ئەمجارەش هەمان کاری دووبارە کردووەتەوە و کالافاتی ناردووەتە بۆینیس ئایریس بۆ ئەوەی ماستانتونۆ پەلکێشی مەدرید بکات.

خۆسیێ فیلێکس دیاز نووسەری راپۆرتەکەی رۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە، یەکلاکردنەوەی گرێبەستی ماستانتونۆ لەناو ماڵی ریال مەدرید وەکو سەرکەوتنێکی گەورە سەیری دەکرێت، چونکە یانە ئیسپانییەکە بە چاوی بە سەرکەوتن بەسەر پاریس سانجێرمان سەیری گرێبەستەکەی یاریزانە لاوەکەی ریڤەر پلەیت دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی TyC Sportsـی ئەرجەنتینی ئاشکرایکردووە، دوای مۆندیالی یانەکان ماستانتونۆ پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید دەکات، یانە ئیسپانییەکە لەگەڵ ماستانتونۆ و یاریزانە ئەرجەنتینییەکە رێککەوتووە، ئێستا تەنیا ماوە رێککارە کارگێڕییەکان تەواو بکرێن.

کەناڵە ئەرجەنتینییەکە رایگەیاندووە، چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری نوێی ریال مەدرید رۆڵێکی کاریگەری بۆ راکێشانی سەرنجی ماستانتونۆ هەبووە، راهێنەرە ئیسپانییەکە خۆی پەیوەندی بەو یاریزانە 17 ساڵانە کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی بۆچوونی بگۆڕێت و بڕیار بدات بچێتە ریال مەدرید.

کەناڵە ئەرجەنتینییەکە ئاشکراشیکردووە، گەرچی ریڤەر پلەیت دەیەوێت بۆ ماوەیەکی زیاتر ماستانتونۆ بهێڵێتەوە، بەڵام ئەستەمە ریال مەدرید رازی بێت و یانە مەدریدییەکە دەیەوێت دوای مۆندیالی یانەکان ماستانتونۆ درێسی لۆس بلانکۆس بپۆشێت.

ماستانتونۆ بەرامبەر 45 ملیۆن یۆرۆ تاوەکو هاوینی 2031 گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ دەکات، بەڵام هێشتا یەکلانەبووەتەوە دوای مۆندیالی یانەکان یان کۆتایی ئەمساڵ ماستانتونۆ پەیوەندی بە ریزەکانی مێرەنگییەوە دەکات، کە ریال مەدرید و ریڤەر پلەیت پەیوەندییەکی باشیان هەیە و هەردوو یانە خەریکن گفتوگۆ لەبارەی وردەکارییەکان دەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button