
یاریگا –
هانزی فلیک بڕیاری داوە خوان گارسیا بکاتە گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکەی و چیدیکە تێرشتیگن گۆڵپارێزی ژمارە 1ـی بلاوگرانا نابێت.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆـی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا بڕیاریداوە خوان گارسیا بکاتە گۆڵپارێزی سەرەکی تیپەکەی، ئەگەر ئەو گۆڵپارێزە ئیسپانییە پەیوەندی بە ریزەکانی بارساوە بکات، چیدیکە مارک ئاندرێ تێرشتیگن گۆڵپارێزی ئەڵمانی سەرەکی نابێت.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە لە سەرچاوەیەکی ناو دەستەی راهێنەرانی بارسێلۆناوە زانیویەتی، ئەگەر بارسێلۆنا خوان گارسیا لە ئیسپانیۆلەوە بگوازێتەوە کە زۆر لە واژۆکردنی گرێبەستەکەی نزیکە، ئەوا تێرشتیگن دەبێتە یەدەکی ئەو گۆڵپارێزە 24 ساڵانە، چونکە خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت یانەکەی گەنج بکاتەوە و وەرز لەدوای وەرز دەرفەت بە یاریزانە لاوەکان بدرێت.
🧐 En el staff de Flick ven difícil que Ter Stegen sea titular si ficha Joan Garcia
✍ @RogerTorello https://t.co/RrtUN100yn
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) June 1, 2025
موندۆ دیپۆرتیڤۆ راشیگەیاندووە، لەناو دەستەی راهێنەرانی بارسێلۆنا بڕوایان وایە ئەگەر شتیگن دەیەوێت وەرزی داهاتوو یاریی بکات، پێویستە یانەیەکی دیکە بۆ خۆی بدۆزێتەوە، چونکە خوان گارسیا دەبێتە گۆڵپارێزی ژمارە 1ـی بلاوگرانا، کە بارسا نزیکە بەرامبەر 25 ملیۆن یۆرۆ ئەو گۆڵپارێزە ئیسپانییە بباتە ریزەکانی و چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیە رێکارەکانی گرێبەستەکەی تەواو بن.
تێرشتیگن (33 ساڵان) تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا ماوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی فلۆریان پلێتینبێرگ رۆژنامەنووسی ئەڵمانی، گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بیر لە بەجێهێشتنی بارسێلۆنا ناکاتەوە و سەرەڕای گرێبەستی خوان گارسیا دەیەوێت لە یانەکە بەردەوام بێت.
تێرشتیگن دوای گواستنەوەی خوان گارسیا لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە؟