
یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا وادەی گەیشتن و وردەکارییەکانی گرێبەستی ئەمیر ئەزرەفشان راهێنەری نوێی دهۆک ئاشکرا دەکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ئەمڕۆ ئێوارە ئەمیر ئەزرەفشان راهێنەری نوێی یانەی دهۆک بۆ واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکەی و دەستبەکاربوونی دەگاتە شاری دهۆک، کە ئەزرەفشان پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی دالکورد و ئۆستەرسوندی سوێدی کردووە و هەڵگری بڕوانامەی پڕۆی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپایە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، گرێبەستەکەی ئەمیر ئەزرەفشان لەگەڵ دهۆک درێژخایەنە و تەنیا بۆ یارییەکانی کۆتایی ئەم وەرزە نییە، بەڵکو وەرزی داهاتووش راهێنەرایەتی هەڵۆیەکانی چیا دەکات، پێشڕەو عەزیزی یاریزانی پێشووی دالکورد وەکو یاریدەدەری راهێنەر لەگەڵ ئەزرەفشان لە یانەی دهۆک دەستبەکار دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، پێشتر چەند جارێک یانەکانی هەولێر و زاخۆ هەوڵیان داوە ئەم راهێنەرە کوردە بکەنە راهێنەری یانەکانیان، بەڵام لە گفتوگۆیەکانیان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
ئەزرەفشان (37 ساڵان) خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و پێشتر کاری لەگەڵ رێوان ئەمین، هارون ئەحمەد، عیمار ڵواتی و پەشەنگ عەبدوڵا کردووە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو (01/06/2025) لە یەکەم یاریی وەکو راهێنەری دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق رووبەڕووی نەفتی میسان دەبێتەوە.
دهۆک لە کۆی 30 یاریی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەویە 51 خاڵ لە پلەی حەفتەمی خولەکە دێت و چوار یاریی دواخراوی هەیە.