
یاریگا –
دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن یاریزانە کوردەکانی ناسڕییه، دادگا وەڵامی دانەوە و پێویستە مانگی داهاتوو مافەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت.
جگە لە یاریزانە کوردەکان شەش یاریزانی دیکەی ناسڕییه بەهۆی وەرنەگرتنی شایسته داراییەکانیان سکاڵایان دژی یانەکە تۆمارکرد، یاریزانێکی کوردی ناسڕیە تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند کە جگە لە یاریزانە کوردەکان شەش یاریزانی دیکەش سکاڵایان تۆمار کردووە، دادگا وادەی تاوەکو 19ـەی مانگی داهاتوو دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی ناسڕییە شایستە داراییەکانمان پێبدات.
ئەگەر تاوەکو وادەی دیاریکراو ناسڕییە مافی یاریزانەکان نەدات ئەوا داواکە بەرزدەکرێتەوە بۆ دادگای کاسی نێودەوڵەتی، دواتر لەوێوە ناسڕییە ناچار دەکرێت بە پێدانی شایستەی دارایی یاریزانەکان یاخود سڕکردنی یانەکە لە وەرزی داهاتوو.
تەواوی یاریزانە کوردەکانی ناسڕیە کە ژمارەیان حەفت یاریزانە گەڕاونەتەوە، یاریزانەکان لە چاوەڕوانی وەڵامی یانەکەن بۆ ئەوەی مووچە و شایستەی داراییان بدات کە نزیکەی چوار مانگە وەریان نەگرتووە.