گەورەترین ئابڕووچوون؛ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوروگوای فڕۆکە تایبەتەکەی هەڵوەشاندەوە و یاریزانەکانی لە فڕۆکەخانە جێهێشت
ئوروگوای یاریزانەکانی ناچار دەکات بە فڕۆکەی ئاسایی بگەڕێنەوە

یاریگا –
دوای ماڵئاواییکردنی چاوەڕواننەکراو و زووی هەڵبژاردەی ئوروگوای لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026، دۆخی نێوخۆیی هەڵبژاردەکە گەیشتووەتە ئاستێکی تەقینەوە.
لە بڕیارێکدا کە وەکوو سزایەکی توند بۆ یاریزانان و ستافی راهێنەرایەتی لێکدەدرێتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوروگوای گەشتی فڕۆکە تایبەتەکەی بۆ گەڕانەوەی شاندەکە هەڵوەشاندەوە.
La AUF decidió cancelar el chárter. Cada futbolista volverá en vuelos comerciales. pic.twitter.com/1ptDw0szxc
— Martin Charquero (@MartinCharquero) June 27, 2026
لە فڕۆکەی تایبەتەوە بۆ گەشتی ئاسایی
بەپێی بڕیارەکەی فیدراسیۆن، لەبری ئەوەی یاریزانەکان پێکەوە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت بگەڕێنەوە نیشتمان، ئێستا هەر یاریزانێک ناچارە خۆی بلیت ببڕێت و لە رێگەی گەشتە بازرگانییە ئاساییەکانەوە بگەڕێتەوە. ئەم هەنگاوە تووڕەیی و کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە وەرزشییەکاندا دروستکردووە.
شکستەکەی ئوروگوای کە خاوەنی دوو نازناوی مۆندیالە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، بەتایبەت دوای دۆڕاندنەکەیان بەرامبەر ئیسپانیا و یەکسانبوونە کارەساتبارەکەی پێشتریان بەرامبەر کەیپ ڤێرد، وایکرد فیدراسیۆن ئەم هەنگاوە بنێت بۆ پێشاندانی ناڕەزایەتییەکی توند بەرامبەر ئەو ئاستە لاوازەی تیپەکە پێشکەشی کرد.
رەخنە توندەکانی رۆژنامەنووسان
لەم بارەیەوە، مارتین چارکێرۆ، رۆژنامەنووسی ناسراوی ئوروگوایی، بە توندترین شێوە هێرشی کردە سەر فیدراسیۆن و مارسێلۆ بێڵسای راهێنەر و رایگەیاند؛
ئەمە گەورەترین ئابڕووچوونە لە 50 ساڵی رابردوودا و دەرەنجامی زنجیرەیەک هەڵەیە کە لە سەرکردایەتییەوە دەستپێدەکات و بە راهێنەرێک کۆتایی دێت کە وەکوو خۆی دانی پێدا ناوە، هیچ شتێکی بۆ تۆپی پێی ئۆرۆگوای نەهێشتووەتەوە.



