
یاریگا –
ساوسامتن لە دەستنیشانکردنی وڵ ستیڵ وەکو راهێنەری نوێی یانەکە نزیکە.
گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بە خێرایی بەرەوپێشدەچن و سەرچاوەیەکی نێو یانەکە بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا رێکەوتنی کۆتایی نەکراوە.
پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، ستیڵی تەمەن 32 ساڵان ئەرکی راهێنەرایەتی سەینتس وەربگرێت و وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنشیپ سەرکردایەتی تیمەکە بکات.
دانی رۆڵ، راهێنەری شێفیڵد وینزدەی، لە راداری ساوسامتندا بوو، بەڵام ئێستا ستیڵ لە هەموو راهێنەرێکی دیکە لە یانەکە نزیکە و لەوانەیە لە کۆتا یاریی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، ئامادەی یاریگای سەینت ماری ببێت.
ساوسامتن لە سەرەتای مانگی ئەپریل/نیسانی رابردوو، ئیڤان یوریچ، لە پۆستی راهێنەرایەتی دوورخستەوە، ئەمەش دوای دابەزینی لە پرێمەرلیگەوە بۆ چامپیۆنشیپ. هەرچەندە یوریچ لە دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی رابردوو شوێنی رەسڵ مارتنی گرتەوە، بەڵام تەنیا یەک یاریی لە کۆی 14 یاری بردەوە.
ئێستا سیمۆن رەسک، راهێنەری تیمی دووەمی یانەکە سەرپەرشتی ساوسامتن دەکات و ئادام لالاناش یاریدەدەرییەتی.
ستیڵ لە دایک و باوکێکی ئینگلیزی لە بەلجیکا لەدایکبووە، تەواوی کاروانی وەرزشی خۆی لە بەلجیکا و فەڕەنسا بەسەربردووە.
راهێنەرە ئینگلیزییەکە کاروانی راهێنەرایەتی لە تەمەنی 24 ساڵی لە یانەی لێرسوو دەستپێکرد، یەکەمجار وەکو یاریدەدەر و شیکەرەوەی ڤیدیۆیی کاریکردووە. ستیڵ لە ساڵی 2018 بووە راهێنەری بێرسخۆتی بەلجیکی، دواتر پەیوەندی بە رێمسی فەڕەنسییەوە کرد و بووە یاریدەدەری ئۆسکار گارسیا.