فەرمی؛ مێسی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دەستنیشانکرا
بابەتە پڕ مشتومڕەکەی هەوادارانی تۆپی پێ یەکلاکرایەوە

یاریگا –
تەواو بابەتە پڕ مشتومڕەکەی هەوادارانی تۆپی پێ یەکلاکرایەوە، لیۆنێل مێسی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دەستنیشانکرا.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ بۆ ئامار و مێژوو لیستی باشترین 10 یاریزانی مێژووی تۆپی پێی بڵاوکردووەتەوە، لیۆنێل مێسی هێرشبەری ئەرجەنتینی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دەستنیشانکردووە و پێلێ ئەفسانەی کۆچکردووی تۆپی پێی بەڕازیلی بە دووەم باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دیاریکردووە،دیێگۆ ماڕادۆنا ئەفسانەی کۆچکردووی ئەرجەنتینیش بە سێێەم باشترینی مێژوو هەڵبژاردووە.
IFFHS ALL TIME TOP 10
more about this news visit: (https://t.co/8fnuQxVekm) pic.twitter.com/Ab81bfH9ip— IFFHS (@iffhs_media) May 18, 2025
لەو ریزبەندییەی IFFHS بڵاویکردووەتەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی بە چوارەم باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دیاریکراوە، یۆهان کرۆیف ئەفسانەی کۆچکردووی هۆڵەندی بە باشترین پێنجەم یاریزان دەستنیشانکراوە و رۆناڵدۆ نازاریۆ دالیماش بە شەشەم باشترین یاریزان دیاریکراوە.
لە ریزبەندییەکەی IFFHS، زینەدین زیدان لە پلەی حەفتەم دێت و فرانز بیکنباوەر ئەفسانەی کۆچکردووی ئەڵمانی لە پلەی هەشتەم دێت، ئالفرێدۆ دی ستیفانۆ لە پلەی نۆیەم دێت و رۆناڵدینهۆش لە پلەی دەیەمی لیستی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دێت.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ بۆ ئامار و مێژوو ساڵی 1984 لە شاری لایپزیگ لە ئەڵمانیا دامەزراوە، ئێستا بارەگای سەرەکی لە شاری زیورخ لە سویسرایە، لەوەتەی ساڵی 1991 ساڵانە باشترینەکان لەسەر ئاستی تۆپی پێ دەستنیشان دەکات.