بارسێلۆنا ئامانجی سەرەکی مێرکاتۆی هاوینە دەستنیشان دەکات
دێکۆ چاوی لە دوو ئەستێرەیە

یاریگا –
هاوشێوەی رکابەرەکانی، بارسێلۆنا خەریکە دەچێتە نێو رکابەرییەکانی مێرکاتۆی یاریزانان و چەند ئامانجێکی دەستنیشانکردووە.
بارسێلۆنا سێ نازناوی لەم وەرزەدا بەدەستهێنا و لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگیش نزیکبوو، بەڵام لەسەر دەستی ئینتەر میلان لە قۆناخی پێشکۆتایی دوورخرایەوە.
تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، لویس دیاز، ئەستێرەی لیڤەرپوول ئامانجی سەرەکی بارسێلۆنایە لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوو. گرێبەستی یاریزانە کۆڵۆمبییەکە لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لە ئانفیڵد نوێنەکردووەتەوە.
ناوی نیکۆ ویڵیامس، ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباو، لە لیستی گواستنەوەکانی بارسێلۆنادایە، بەڵام دیاز ئامانجی سەرەکییە و لە ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکانی دارایی، بارسا دەتوانێت دیاز بەبڕی 80 ملیۆن یۆرۆ بگوازێتەوە.
دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی ESPN دانی بە پێویستی یانەکەی بە بژاردەی باشتر لە هێڵی هێرشبەری دانا؛
پێمان وایە زۆر پشتمان بە رافینیا و یامال بەستووە، لەوانەیە پێویستیمان بە یاریزانی هاوشێوە هەبێت.
کەتیبەی هانزی فلیک یەکشەممە لە لالیگا بەرامبەر ڤیاڕیال یاریی دەکات و دواتر تەنیا یەک یاریی بۆ کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە دەمێنێت.