تەواو؛ ریال مەدرید ئەستێرەیەک بەڕێدەکات و گرێبەستی ئەستێرەیەکی دیکە نوێدەکاتەوە
ئاردا گولەر هاوکێشەکانی ریال مەدرید دەگۆڕێت...

یاریگا –
دۆخی رۆدریگۆ لە ریال مەدرید تەواو ناسەقامگیرە و پێویستی بە جووڵەیەکی خێرا هەیە.
بەهۆی ئەنفلۆنزا، ئەستێرە بەڕازیلییەکە بەشداری لە یاریی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە لالیگا نەکرد. رۆدریگۆ متمانەی کارلۆ ئانچێلۆتی تاڕادەیەک لەدەستداوە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، تەنیا چوار یاریی بۆ تەواوبوونی لالیگای ئەم وەرزە ماوە و لە نێویاندا یاریی ئێل کلاسیکۆ، کە پێدەچێت سەرەکی نەبێت و هەموو ئاماژەکان رووەو بەشداریکردنی ئاردا گولەرە، کە بەمدوواییە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات.
رۆدریگۆ تەنیا یەک گۆڵی لە 21 یاریی رابردوودا کردووە، ئەمەش ئامارێکی خراپی یاریزانەکەیە و لەوانەیە ببێتە دەستپێکی چوونە دەرەوەی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
رۆژنامەکە دووپاتیدەکاتەوە، ریال مەدرید و ڤینیسیۆس جونیۆر لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوانیان تاوەکو ساڵی 2030 رێککەوتوون و ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتووی رۆدریگۆ دەبێت.
هەرچەندە لەگەڵ دەستبەکاربوونی چابی ئاڵۆنسۆ لە یانەکە، لەوانەیە گۆڕانکاری لە تەکتیکدا بکرێت، بەڵام شوێنی رۆدریگۆ لە پێکهاتەی سەرەکی نامێنێتەوە.
گرێبەستی رۆدریگۆ لە هاوینی ساڵی 2028 بەسەردەچێت، ئەگەر مەدرید چاوی لە بەدەستهێنانی پارەیەکی زۆر بێت، ئەوا پێویستە لە هاوینی ئەمساڵ بیخاتە لیستی فرۆشتنەوە.
بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت، بەهای ئێستا رۆدریگۆ بریتییە لە 100 ملیۆن یۆرۆ و بەراورد بە ساڵی رابردوو، 10 ملیۆن یۆرۆ کەمیکردووە.