مان یونایتد ئۆفەرێکی بیتسی بۆ ئەنتۆنی رەتکردەوە

یاریگا- یانەی مانچێستەر یونایتد یەکەم گرێبەستی ریاڵ بیتسی رەتکردەوە بۆ دەستبەرداربوون لە ئەنتۆنی هێرشبەر.
ئەنتۆنی لە پریمەرلیگ بووبوە مایەی رەخنە و هەندێک جاریش گاڵتەجاڕیی. ئەم وەرزە بە خواستن روویکردە ریاڵ بیتس و لەو یانەیە ئاستێکی بەرز نیشان دەدات. ئەمەش وایکرد بیتس داوا لە مانچێستەر یونایتد بکات رازی ببن ماوەی خواستنەکەی بۆ وەرزێکی دیکە درێژبکرێتەوە.
ئەنتۆنی بە 113 ملیۆن دۆلار روویکردە یونایتد، ئێستا ئەو یانەیە داوای تەنها 40 ملیۆن دەکات بۆ ئەوەی دەستبەرداری ببێت. لەگەڵ ئەوەشدا بیتس ئامادەنیە ئەو پارەیە بدات و بەگوێرەی رۆژنامەی میرۆر داوایان کردووە بە خواستن بمێنێتەوە لە ئیسپانیا. ئەمەش راستەوخۆ رەتکراوەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، رەنگە بیتس ئامادەبێت 40 ملیۆنەکە بدات ئەگەر هاتوو بتوانن بگەنە خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا ساڵی داهاتوو. بیتس لە ئێستادا لە پلەی شەشەمدان و سێ خاڵ دوورن لە ناوچەی گەیشتن بە پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگ.