بۆچی بارسێلۆنا بۆ یارییەکەی ئەمشەو جلێکی جیاواز دەپۆشێت؟

یاریگا –
چاوەڕوان دەکرێت چەند گۆڕانکارییەک لە جلوبەرگی یاریزانانی بارسێلۆنادا رووبدات، کە لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە سیگناڵ ئیدۆنا پارک رووبەڕووی بروسیا دۆرتمۆند دەبێتەوە.
لە بارودۆخێکی ئاساییدا چاوەڕوان دەکرا هەر راهێنەرێک لە شوێنی هانزی فلیک بوایە بەهێزترین پێکهاتەی بۆ یارییەکە دادەنا. بەڵام کەتەلۆنیەکان لە یاری چووندا بە کۆی گشتی 4 گۆڵ پێش دۆرتموند کەوتن، ئەمەش هۆکارێکە کە فلیک رێگە بە هەندێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی دەدات پشوو بدەن و خولەکی کەمتر یاریی بکەن.
تاوەکوو ئێستا دیار نییە کام یەک لە ئەستێرەکانی پشوو دەدات بەڵام لە لایەکیترەوە مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ تیشکی خستۆتە سەر گۆڕانکاریەکی گرنگ لە جلوبەرگی بارسێلۆنا بۆ یارییەکەی ئەمشەو کە بڕیارە لەبەری بکەن.
گۆڤارە ئیسپانیەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە کەتەلۆنیەکان لەبری شۆرتە نیلییەکەیان لەگەڵ درێسی بلاوگرانا بۆ ئەم یارییە شۆرتێکی سپی لەبەر دەکەن. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ سەرلێشێواوییەک دروست نەبێت چونکە یاریزانانی دۆرتمۆند شۆرتێکی رەشیان لەبەر دەبێت.
تیمی هانزی جارێکی دیکە ئەو شۆرت سپییە مێژووییە لەبەر دەکەن کە تیپی کەتەلۆنی لە چەند ساڵی یەکەمی خۆیدا لەبەری کردبوو دوای دامەزراندنی یانەکە لە ساڵی 1899.
لەم وەرزەدا، بلاوگرانەکان پێشتر جارێک بە شۆرتێکی سپییەوە یارییان کردووە، لە یارییەکەی بەرامبەر لاس پاڵماس لە 30ی تشرینی دووەم، کە رۆژێک دوای یادی 125 ساڵەی یانە کەتەلۆنییەکە بوو و بە ئەنجامی 2-0 لە یارییەکەدا شکستیان خوارد و ئەمە دوا شکستی بارسێلۆنا بوو لەم وەرزە و لە دوای لاسپالماسەوە هیچ یانەیەک نەبووە تا ئێستا زریانەکەی فلیک بوەستێنێت.