ئیسپانیاچامپیۆنزلیگگرنگترین

هانزی فلیك: یارییه‌كه‌مان قوڕسه‌ و زۆر به‌باشی ئاماده‌ین

Yariga App

یاریگا –

هانزی فلیكی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێڵۆنا باسی یاریی یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر بۆروسیا دۆرتمۆند كرد و متمانه‌ی خۆی به‌ تیپه‌ی دووپاتكرده‌وه‌.

هانزی له‌ كۆنگره‌یه‌ك رۆژنامه‌وانی پێش یارییان به‌رامبه‌ر بۆروسیادۆرتمۆند له‌ یاریی چوونی چاره‌گی كۆتایی چامپیۆنزلیگ گوتی، ئێمە گەیشتوینەتە ئەم ئاستە بۆ ئەوەی بەردەوام بین، نەک لێرە بوەستین، دەمانەوێت لەم دوو یارییەدا هەوڵبدەین باشترین ئاستی خۆمان پێشكه‌ش بكه‌ین.

هه‌روه‌ها گوتی،

دەزانین قورس دەبێت، چونکە دۆرتمۆند ئێستا زۆر سەقامگیرە، ئەوان متمانەیان بەخۆیان هەیە له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانیش یارییەکی زۆر باشیان به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌ كرد و هێزی خۆیان لە هێرشبه‌ریدا بە شێوەیەکی نایاب قۆستەوە، ئەمەش بۆ ئێمە بەو مانایەیە کە دەبێت هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی هێرشەکانیان بدەین و فشاریات بخەینە سەر، ئەمانە ئەو کارانەن کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند،

پێموایە لە چامپیۆنزلیگ ئاستێکی زۆر باشمان پێشکەش کردووه‌، چ لە یاریگای خۆمان بێت یان لە دەرەوەی یاریگای خۆمان هەمیشە به‌ بیرۆكه‌ و پلانی هێرشبه‌ری یارییمان كردووه‌ و متمانەی تەواوم بە تیپەکەم هەیە ئێمە لە ساتێکی نایابداین و لە زۆر رووەوە زۆر پێشکەوتووین له‌ دۆخێكی باشداین.

له‌باره‌ی رافینیا له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئاستی وه‌ك پێویست نیه‌ راهێنه‌ره‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ گوتی،

نەخێر بە هیچ شێوەیەک ئه‌مه‌ راست نیه‌، من ئەو بڕوایەم نییە، دوای پشووی نێودەوڵەتی، کاتمان پێدا تا وردە وردە بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو شتانەی کە لە مەشقەکاندا دەیبینم، ئەو بەتەواوی وەک پێشووە، وریا و ئامادەیە و زۆر چالاکە، ئه‌و ئاسته‌ی له‌ مه‌شقه‌كان نیشانی ده‌دات، دەیسەلمێنێت کە بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی ئامادەیە.

له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ یاریی به‌رامبه‌ر دۆرتمۆند راهێنه‌ره‌ 60 ساڵانه‌كه‌ گوتی،

دەبێت بە باشی خۆمان بۆ ئەم یارییە ئامادە بکەین و سەرنجمان لەسەر خاڵە بەهێزەکانی ئەم تیپە بێت، کە لە یارییەکانی دواییدا نیشانیان داوە، ئەمە ئەرکی ئێمەیە، زۆرجار لە کاتی یارییەکاندا بڕیاری دروست دەدۆزینەوە و ئەمەش متمانە به‌ تیپه‌كه‌مان و  هەر یاریزانێکی تاکەکەسی دەبەخشێت، پێم وایە ئێمە ئامادەکارییەکی باشمان بۆ یارییەکەی سبەی کردووە

فلیك باسی نیكۆ كۆڤازچی راهێنه‌ری دۆرتمۆندی كرد و  گوتی،

بەڕاستی ئه‌وه‌ی  نیکۆ له‌گه‌ڵ بۆروسیا دۆرتمۆند ده‌یكات بەرز دەنرخێنم، کەسێکی گەورەیە و ڕاهێنەرێکی نایاب و ناوازەیە، بۆیە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم کە جارێکی تر چاوم پێی بکەوێتەوە.

گوتیشی،

هەمیشە گوتوومە کە رێگە بە خۆمان دەدەین خەون ببینین، پێم وایە زۆر گرنگە بزانین ئەوەی تا ئێستا بەدەستمان هێناوە دەرئەنجامی ماندووبوونە، لە کاتی ئامادەکارییەکان، لە هەموو راهێنانێکدا، هەروەها لە هەموو یارییەکدا زۆر ماندوو بووین، هەر بۆیەش گەیشتوینەتە ئەم قۆناخە و مەرج نییە ئەمە کۆتایی بێت هەر بۆیە دەمانەوێت سبەی هەموو شتێک پێشكه‌ش بكه‌ین و وەک یارییەکانی پێشوو یاری بکەین و ئەمساڵ هیچ یارییه‌كمان نەدۆڕاندووە و دەمانەوێت بەردەوام بین.

له‌ كۆتاییدا گوتی، ئێمه‌ ئامانجمانە لە هەموو یارییەکدا، سەرکەوتن تۆماربكه‌ین و لەسەر ئەم بنەمایە خۆمان ئامادە دەکەین و هیچ بوارێک بۆ بیانوو نه‌ماوه‌ته‌وه‌، ئێمە ئەم تەحەدایە بەو شێوەیەی کە دێت وەرئەگرین و پێموایە گرنگ نییە کێ یاری بکات، ئێمە تیپێکی زۆر بەهێزمان هەیە.

پرسیار له‌ فلیك كرا ئایا دوای جوڵەکانی ئەم دواییەی لالیگا بەرامبەر دانی ئۆلمۆ، یانەکە ئارامی و متمانەی خۆی نیشان دا ئایا دەتوانن وەرزەکە بەبێ کێشە تەواو بکەن ؟ فلیك گوتی،

ئێمە یارییەکی گرنگمان هەیە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بۆروسیا دۆرتمۆند، هەموو سەرنجمان لەسەر ئەو یارییە، سەبارەت بە سه‌رجه‌م بابەتەکانی دیكه‌، متمانەی تەواوم بە یانەکە هەیە، ئەمانە بابەتگەلێکن کە لە نێوان یانەکە و لالیگادا بەڕێوەدەبرێن، منیش بە هیچ شێوەیەک بیری لێناكه‌مه‌وه‌

له‌ كۆتاییدا گوتی،

ئەمە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگە، بۆیە گرنگە تەنها سەرنجمان لەسەر مەشق و ڕاهێنانەکانی ناو یاریگا نەبێت، بەڵکو لە ژووری جلگۆرین کات بەسەر بەرین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتگەلی گرنگ کە کاریگەری لەسەر یارییەکەی سبەینێ دەبێت، هەر بۆیە زیاتر له‌ كاتژمێرێك له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان كۆبوومه‌وه‌ و باسی زۆر بابه‌تمان كرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button