فلیک ئەستێرەیەکی نوێ بۆ بارسێلۆنا دەدۆزێتەوە!

یاریگا –
هانسی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، بانگهێشتی جۆفری تۆرێنتسی بەرگریکاری چەپی تەمەن 18 ساڵ لە لاماسیاوە بۆ تیپی یەکەم سەرخست و لەگەڵ تیپەکەی بەشداری مەشق و راهێنان دەکات.
لە بارسێلۆنا هەمیشە شوێن بۆ بەهرەمەندە تازەپێگەیشتوەکان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بە جیهان بناسێنن. لە کاتێکدا ئەم رێگایە بۆ هیچ یاریزانێک ئاسان نییە، بەڵام خۆشبەختانە لە بارسێلۆنا ئاسانە.
لە ساڵانی رابردوودا بلاوگرانا چانسی ئەوەی هەبووە کە زۆرێک لە ئەستێرەکانی ئێستای تیپی یەکەم لە ریزەکانی لاوان بدۆزێتەوە. یاریزانانی وەک لامین یامال، پاو کۆبارسی، ئەلیخاندرۆ باڵدێ، مارک کاسادۆ و چەند بەهرەمەندێکی دیکە، تیپی یەکەمی بارسێلۆنایان کردە ماڵە نوێیەکەی خۆیان و سەلماندیان کە توانای پێویستیان هەیە.
بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە شوێنی پێویست نییە بۆ ئەوەی بەهرەمەندە نوێیەکان گەشە بکەن و سەرهەڵبدەن. یاریزانەکانی لاماسیاش ئێستا بەردەوام هەوڵی سەرسام کردنی فلیک دەدن، پێدەچێت ئێستاش یەکێک لە یاریزانە گەنجەکانی بەرگریکاری چەپ توانیبێتی سەرنجی راهێنەرەکانیان رابکێشێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرت، هانسی فلیک دوێنێ جۆفری تۆرێنتس، بەرگریکاری تەمەن 18 ساڵانی بانگهێشتی مەشق و راهێنانەکانی تیپی یەکەم کردووە. هەرچەندە ئەمە مەشقێکی نائاسایی بوو، بەو پێیەی زۆربەی ئەو یاریزانانەی لەبەردەستدا بوون لە یانەی بارسا ئاتلێتیک بوون (بەهۆی ئەوەی ئەستێرە سەرەکییەکانی تیپەکە پەیوەندیان بە هەڵبژاردەکانیانەوە کردووە)، بەڵام بوونی یاریزانێکی لاو لە مەشقەکاندا هێشتا بە رووداوێکی گرنگ دادەنرێت.
بەڵام هۆکاری ئەوەی تۆرێنتس بانگهێشتی مەشقەکان کراوە، چاوەڕواننەکراو نییە. هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، یاریزانە لاوەکە ئێستا بە باشترین بەرگریکاری چەپ دادەنرێت لە تیپی لاوانی بارسێلۆنا و ماوەیەکی زۆرە بە بەردەوامی ئاستی بەرەوپێش دەچێت و بە خێرایی رێڕەوی گەشەکردنی پەرە دەسەنێت.
هەرچەندە بۆ ئێستا چانسی بەشداریکردنی لە تیپی یەکەمدا کەمە، بەڵام دەکرێت ئەو یاریزانە لاوە لە هاویندا دەرفەتێکی گەورەتری بۆ رەخسێت. بەگوێڕەی هەواڵەکە، ئەگەری ئەوە هەیە دوای کۆتایی ئەم وەرزە بخرێتە نێو پلانەکانی پێش وەرزەی بارسێلۆنا، کە رەنگە دەرفەتێکی زێڕین بێت بۆی.