
یاریگا –
سەرەڕای گەورەیی تەمەنەکەی، کەچی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا گۆڵکاری خولی سعوودیە و لەلایەکی دیکەشەوە خەون بە بردنەوەی نازناوی مۆندیالی دەبینێت.
پرسیار زۆر لەبارەی مانەوەی رۆناڵدۆ بەم ئاستە دەکرێت، رۆژنامەی دەیلی مەیڵ لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا، نهێنی ئاست بەرزییەکەی ئاشکرا کرد.
رۆناڵدۆ مانگی رابردوو، ئاهەنگی گەیشتنی بە 40 ساڵ گێڕا، لەم وەرزەدا 33 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە و خاوەنی 28 گۆڵە.
خواردنی ژەمێکی دیاریکراو
سەرەڕای پابەندی رۆناڵدۆ بە خواردنی تەندروست، کە پشت بە خواردەمەنییەکانی پڕ لە پڕۆتین و بێ شەکر دەبەستێت، رۆناڵدۆ ژەمێکی دڵخوازی هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە بێت، رۆناڵدۆ زۆر حەزی بە ژەمە خۆراکی ‘باکلاوا بڕاش’ دەکات و لە منداڵییەوە هۆگری بووە.
خواردنەکە لە ماسی، پیاز، پەتاتە و هێلکە پێکدێت و زۆر بەخێرایی ئامادە دەکرێت. لە منداڵییەوە دایکی بۆی ئامادە دەکرد و ئێستا خواردنەکە بووەتە ژەمێکی سەرەکی لە چێشتخانەکەی لە پۆرتوگال.
رۆناڵدۆ لەبارەی ژەمەکە دەڵێت
کاتێک ئەم خواردنە دەخۆم، منداڵیم دێتەوە یاد و پارێزگاری لە هێزم دەکات.

پابەندی رێچکەی سەرکەوتنە
پشتبەستی رۆناڵدۆ بەم خواردنە هۆکاری سەرەکی درەوشانەوەی نییە، بەڵکو پابەندی بە سیستمێکی توندی خواردن، وایکردووە پارێزگاری لە باری جەستەیی بکات. رۆژنامەکە نووسیویەتی
رۆناڵدۆ رێژەیەکی زۆری پڕۆتین دەخوات، بە هیچ شێوەیەک لە شەکر و کحوول نزیک نابێتەوە، بەڵکو ئاوی کردووەتە سەرچاوەی سەرەکی شلەمەنی.