رافینیا یان سەڵاح؛ کامیان شایستەی باڵۆن دۆری ئەم وەرزەیە؟
تێری هێنری بەراوردێکی تایبەتیان دەکات

یاریگا –
تێری هێنری بڕوای وایە رافینیا بەهۆی ئاستەکەی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەم وەرزە بەدەست بهێنێت، تەنانەت بڕوای وایە لە محەمەد سەڵاحیش شایستەترە.
تێری هێنری، ئەستیڕەی پێشووی بارسێلۆنا و ئارسیناڵ، کە ئێستا لە کەناڵی CBS Sport شرۆڤەکاری یارییەکانی چامپیۆنزلیگە، لەبارەی بەراوردی نێوان رافینیا و سەڵاحەوە دەڵێت :’محەمەد سەڵاح لەم وەرزەی پرێمەرلیگ ئاستێکی بەرز و مێژوویی پێشکەش دەکات کە هەرگیز لە پرێمەرلیگ نەکراوە، بەڵام کاتێک سەیری رافینیا دەکەی، دەبینی هێندەی ئەو گۆڵی کردووە تەنیا گۆڵێکی بە پێناڵتی بووە’.
هەروەها هێنری دەشڵێت :’کاتێک لەبارەی یاریزانێکی کامڵ قسە دەکەی، یاریزانێک بێت لە فشار دروستکردن نەوەستێت و لە بەرگریکردن و یارمەتیدانی بەرگریکارەکەی پشتەوەی خۆی نەوەستێت، ئەوا رافینیا هەموو ئەم کارانە دەکات، رافینیا لە چامپیۆنزلیگ ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، ژمارەیەکی زۆر گۆڵی کردووە و تەنیا یەک لێدانی سزای جێبەجێکردووە، بە بۆچوونی من بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر پێشەنگی گرتووە و نزیکترین یاریزانە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە’.
“Raphinha is ahead, with the Ballon d’Or.”
Thierry Henry believes the Barcelona star is an early favorite to take home the prestigious award 👇 pic.twitter.com/6t6V4meq0J
— CBS Sports Golazo ⚽️ (@CBSSportsGolazo) March 11, 2025
هێنری دەشڵێت :’بەهۆی ئەو ئاستەی لە چامپیۆنزلیگ پێشکەشی دەکات بە بڕوای من رافینیا پێشەنگی ریزبەندیی بەربژێرانی باڵۆن دۆرە، بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر زیاتر پەیوەندی بە ئاستت لە چامپیۆنزلیگەوە هەیە، لە پاڵ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ناوخۆیی پێویستە لە چامپیۆنزلیگ ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەی’.
رافینیا لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بە درێسی بارسێلۆنا لە 41 یاری 27 گۆڵ و 19 ئەسیستی کردووە، لە چامپیۆنزلیگ لەگەڵ بارسێلۆنا پەڕییەوە قۆناخی چارەکی کۆتایی لە 10 یاری 11 گۆڵ و 5 ئەسیستی کردووە، گۆڵکاری چامپیۆنزلیگە و تاکە یاریزانە بەشداریی زۆرترین گۆڵی کردبێت (16 گۆڵ).
محەمەد سەڵاح لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 42 یاری 32 گۆڵ و 22 ئەسیستی کردووە، لە چامپیۆنزلیگ لە قۆناخی 16ـەوە لەسەر دەستی پاریس سانجێرمان کرایە دەرەوە، کە لە 9 یاریی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ 3 گۆڵ و 4 ئەسیستی کردووە.