
یاریگا –
ریال مەدرید ئەستێرەیەکی چێڵسی کردووەتە ئامانج و هاوینی داهاتوو لێیدەچێتە پێشەوە.
مەدرید بەدوای سووپەرستارێکدا دەگەرێت بۆ هێڵی ناوەڕاست کە هەر لەدوای وازهێنانی تۆنی کرۆسەوە کەلێنێکی گەورە کەوتووەتە ئەو هێڵەوە و لوکا مۆدریچیش رەنگە کۆتا مانگەکانی خۆی لەگەڵ یانەکە بەسەرببات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی CaughtOffside، یانە ئیسپانییەکە دەیانەوێ گرێبەست لەگەڵ ئێنزۆ فێرناندێز واژۆ بکەن. یانە لەندەنیەکەش نرخی ئەستێرە ئەرجەنتینیەکەی دیارییکردووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، بلووز بۆ دەستبەرداربوون لە پاڵەوانەکەی مۆندیال داوای 80 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
ئەو بڕە پارەیەی یانە ئینگلیزیەکە داوایکردووە، زۆر کەمترە لەو نرخەی کە لە زستانی 2023 ناوەڕاستەکەی لە یانەی بێنفیکا گواستەوە (106 ملیۆن پاوەند).
یاریزانە 24 ساڵانەکە رەگەزێکی سەرەکی ئێنزۆ مارێسکای راهێنەرە. لەم وەرزە لە 33 بەشداریی لە سەرجەم پاڵەوانێتیەکەنادا خاوەنی 5 گۆڵ و 9 ئەسێستە.