بایرن میونشن لە نوێکردنەوەی گرێبەستی کیمیچ پاشگەزدەبێتەوە
"ئۆفەرەکەی کشاندووەتەوە"

یاریگا –
بایرن میونشن لە نوێکردنەوەی گرێبەستی جۆشوا کیمیچی ئەڵمانی پاشەکشە دەکات.
رۆژنامەنووسی رۆژنامەی بیڵد کریستیان فاڵک بڵاویکردووەتەوە، بایرن میونشن ئەو ئۆفەرەی کشاندووەتەوە کە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی جۆشوا کیمیچ پێشکەشی کردبوو، چیدیکە ئۆفەرەکە بەردەست نییە.
کیمیچ لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن کۆتایی دێت، چەند مانگێکە لەگەڵ یانەکەی گفتوگۆی نوێکردنەوەی دەکات و باڤارییەکان ئۆفەرێکی نوێیان پێشکەشی کردبووە. بەڵام یاریزانەکە بڕیاری کۆتایی نەدابوو.
Joshua Kimmich: Knall! FC Bayern zieht Angebot an DFB-Kapitän zurück | Sport | https://t.co/xiCfs6oYTN https://t.co/oZSfKEG47J
— Christian Falk (@cfbayern) February 27, 2025
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەڵمانییەکە، یانەکە چەند مانگێکە چاوەڕوانی وەڵامی یاریزانەکەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا کیمیچ وەڵامی ئۆفەرەکەی نەداوەتەوە و دوودڵە، یانەکەش لە خەمساردی یاریزانەکە نیگەرانە و بەوهۆیە ئۆفەرەکەی کشاندووەتەوە.
مووچەی ساڵانەی ئێستای کیمیچ لەگەڵ بایرن میونشن 20 ملیۆن یۆرۆیە، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی داوای مووچەیەکی زیاتری کردووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە هیشتا بایرن بەیەکجاری دەرگای گفتوگۆی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دانەخستووە، بەڵام دیار نییە جارێکی دیکە ئۆفەرێک هاوشێوەی دوایین ئۆفەر پێشکەش بە یاریزانەکە دەکات یاخود کەمی دەکاتەوە.
ئەگەر هەردوولا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە رێکنەکەون ئەوا جۆشوای 30 ساڵان لە هاوین دەبێت بە یاریزانێکی ئازاد و دەتوانێت بەبێبەرامبەر پەیوەندی بە یانەیەکی دیکە بکات.