![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/FB_IMG_1739207083244-780x470.jpg)
یاریگا –
نەورۆز لە هەولێری بردەوە و راهێنەری تیپەکەی سلێمانیش دەڵێت ئێستا لە سەر رێگا راستەکەین و لە داهاتوو باشتریش دەبین.
دوای ئەوەی لە گەڕی 19ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق نەورۆز لە یاریگای خۆی 2 _ 0 لە هەولێری بردەوە، راهێنەری سوورپۆشەکانی سلێمانی دەڵێت ئێستا لە سەر رێگا راستەکەین و لە داهاتوودا باشتریش دەبین چونکە گۆڕانکاری زۆرمان لە تیپەکەدا کردووە.
قەحتان جەسیر راهێنەری نەورۆز دوای یارییەکە دەربارەی ئاستی تیپەکە و ئەنجامی یارییەکە رایگەیاند:
پیرۆزبایی لە هاندەرانی تیپەکەمان و یاریزانان دەکەم بەهۆی ئەم سەرکەوتنە گرنگە، دەتوانم بڵێم ئێستا لەسەر رێگا راستەکەین چونکە ئێمە 14 یاریزانمان لە تیپەکە گۆڕی کە ئەمەش کاتێکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی هەماهەنگی لە نێوانیاندا دروست بکەین، بۆیە لە داهاتوو پێویستە باشتربین، سوپاس بۆ خوا توانیمان لە یانەیەکی گەورەی وەک هەولێر ببەینەوە.
حوسێن مەنزور یاریزانی نەورۆز کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ئامادەبوو دەربارەی سەرکەوتنەکەیان گوتی:
پیرۆزبایی لە تەواوی هاندەرانی نەورۆز دەکەم ئەوان پاڵپشتیکارێکی باشن بۆ تیپەکە، ئەوەی راهێنەر داوایکرد جێبەجێمان کرد بۆیە توانیمان سەرکەوین، دەمانەوێ بەردەوام بین لە بردنەوە بۆئەوەی لە ریزبەندی پێشەوە نزیک بینەوە.
نەورۆز بەردەوامە لە ئەنجامە باشەکانی و بەم سەرکەوتنە لە ریزبەندی 13ـەمەوە هاتە ریزبەندی 10ـەیەم و گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەرووی زەوڕا دەبێتەوە.