بارسێلۆنا بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستی گۆڵپارێزەکەی دەکاتەوە
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/2182160338.0-1-780x470.jpg)
یاریگا –
کارگێڕی بارسێلۆنا بڕیاریان داوە بەم نزیکانە گرێبەستی ڤۆیچێخ چیزنی گۆڵپارێزی پۆڵەندی یانەکەیان درێژ بکەنەوە.
چیزنی هاوینی رابردوو بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو وازهێنانی خۆی لە تۆپی پێ راگەیاند، دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یۆڤێنتوس ستافی تەکنیکی یانەکە بڕیاریاندا گرێبەستەکەی نوێ نەکەنەوە، ئەمەش شۆکێکی گەورەی بۆ هاندەرانی یۆڤێنتوس و هەڵبژاردەی پۆڵەندا و هاندەرانی خۆی دروستکرد.
بەڵام دوورکەوتنەوەی لە جیهانی تۆپی پێ زۆری نەخایاند. گۆڵپارێزەکە دوای پێکانەکەی مارک ئەندرێ تێر شتیگن ئۆفەرێکی لە بارسێلۆناوە پێگەیشت و بڕیاریدا بگەڕێتەوە چوارگۆشەی سەوز و تا کۆتایی وەرز گرێبەستی لەگەڵ یانەکە واژۆ کرد، هەرچەندە لە چەند مانگی یەکەمدا چانسی یاری کردنی بۆ نەڕەخسا.
بەڵام ململانێی هانسی فلیک لەگەڵ ئیناکی پێنا دەرفەتی ئەوەی پێبەخشی هەلی یاریی کردنی بۆ بڕەخسێت و پارێزگاری لە گۆڵی بلاوگرانا بکات. ئەویش ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و بووە گۆڵپارێزی یەکەمی بارسا لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئێستاش سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە کە بەڕێوەبەرانی یانەکە چاویان لەوەیە گرێبەستی نوێی لەگەڵدا واژۆ بکەن.
پێدەچێت فلیک چیتر ئارەزووی کارکردنی لەگەڵ پێنادا نەبێت دوای ئەوەی لەم دواییانەدا دەمەقاڵێی لەگەڵ پێنادا هەبووە، چیزنیش پێشوازی لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا دەکات و دوای گەڕانەوەی تێر شتیگن دەبێتە گۆڵپارێزی دووەمی تیپەکە و ئامادەیە بە درێسی بارسا درێژە بە ژیانی تۆپی پێی خۆی بدات.