یاریگا –
یاریزانانی هەولێر بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی راهێنانەکانیان کرد و ئەمڕۆ بەشداریی مەشقەکانی یانەکەیان نەکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یاریزانانی یانەی هەولێر وابڕیاربوو کاتژمێر 16:00 مەشق و راهێنان بکەن، بەڵام یاریزانەکان لەدوای یارییەکەیان بەرامبەر کەرخ بڕیاریان داوە بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی راهێنانەکانی یانەکەیان بکەن.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، تەواوی یاریزانەکانی هەولێر بەشداریی راهێنانەکانی ئەمڕۆیان نەکردووە و بڕیاریان داوە تاوەکو شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت، نەگەڕێنەوە راهێنانەکانی یانەکەیان، کە رۆژی پێنجشەممە هەولێر لە گەڕی شازدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداریی کەربەلا دەکات.
رۆژی 24ـی مانگی رابردوو یاریزانانی هەولێر ٪75ـی مووچەی مانگی پێشووتریان وەرگرت و مووچەی مانگی رابردووشیان وەرنەگرتووە، بەشێکی یاریزانەکانی یانەکە پێشەکی گرێبەستەکانیان و بەشێکی دیکەشیان مووچەکانیان وەرنەگرتووە.
هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دوای تێپەڕبوونی 15 گەڕ، بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ لە پلەی نۆیەمی خولەکە دێت.