هەموو شتێک بزانە؛ ریچارلیسن بڕیاری کۆتاییداوە
هەموو شتێک یەکلاییبووەتەوە
یاریگا –
ریچارلیسن، هێرشبەری بەڕازیلی نزیکە لە جێهێشتنی تۆتنهام هۆتسپێرز.
پێگەی فووتبۆڵ ئینسایدەر بڵاویکردووەتەوە، ریچارلیسن بە هاوڕێکانی لە تۆتنهام راگەیاندووە، دەیەوێت یانە لەندەنییەکە جێبهێڵێت.
دەمێکە ناوی هێرشبەری 27 ساڵان بە یانەکانی سعوودیە بەستراوەتەوە، بەڵام پێدەچێت پەرەسەندنی نوێی روویاندابێت.
بەگوێرەی راپۆرتی پێگە بەریتانییەکە بێت، تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەگەڵ هیچ یانەیەکی سعوودی نەکراوە، بەڵام بڕیاری جێهێشتنی یانەکە کۆتاییە.
ریچارلیسن لە هاوینی ساڵی 2022 بەبڕی 60 ملیۆن پاوەند لە ئێڤەرتنەوە پەیوەندی بە سپێرز کرد.
هێرشبەرە بەڕازیلییەکە چیدیکە بژاردەی یەکەمی ئانج پۆستێکۆگلو، راهێنەری سپێرز نییە، بەڵکو راهێنەرە ئوستراڵییەکە بە تەواوی پشتی بە دۆمینیک سۆلانکێ، هێرشبەری ئینگلیزی بەستووە.
ریچارلیسن لەم وەرزەدا، تەنیا بەشداری لە هەشت یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە. خاوەنی یەک گۆڵ و یەک ئەسیستە.
پۆستێکۆگلو بژاردەی زۆری لە هێڵی هێرشبەری هەیە؛ تیمۆ ڤێرنەر، هیون مین سۆن، سۆلانکێ، برێنن جۆنسن و دێیان کولوسێڤسکی.
لە وەرزی رابردوودا، سەرەڕای دوورکەوتنەوەی بەهۆی پێکان، بەڵام ریچارلیسن 12 گۆڵی لە 31 یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کرد.
گرێبەستی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە لە هاوینی ساڵی 2027 لە تۆتنهام بەسەردەچێت.