جیهان چاوەڕێی دەکات؛ لیۆنێل مێسی ئەمڕۆ لە شەشەمین مۆندیالی خۆیدا یاری دەکات
مێسی خۆی جیهانە

یاریگا –
لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتینی ئەمڕۆ لە شەشـەمین مۆندیالی خۆیدا یاری دەکات.
ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە بە وردی خۆی ئامادە کردووە، بە شێوەیەک لەپاڵ راهێنانەکانی لەگەڵ یانەکەیدا، ئێوارانیش لەگەڵ راهێنەرێکی تایبەتی کار دەکات. لیۆنێل مێسی ئەمڕۆ بە دەرکەوتنی لە شەشـەمین مۆندیالی خۆیدا مێژوو دەنووسێتەوە و رێگای گەیشتن بەم پاڵەوانییەتییە نوێیەی جیهانیش ئاسان نەبووە.
لە دوای بەدەستهێنانی نازناوی جامی جیهانی لە قەتەر لە ساڵی 2022، مێسی بە پرۆسەیەکی سەختدا تێپەڕیوە و بە تەواوی خۆی ئامادە کردووە، تاوەکوو بە باشترین دۆخی گونجاو بگاتە مۆندیالی 2026. لە رووی جەستەیییەوە، مێسی بێوچان کاری کردووە؛ لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی خولی ئەمریکیـەوە پەیڕەوی خشتەیەکی راهێنانی دووهێندەی کردووە کە بەیانیان لەگەڵ ئینتەر مەیامی و ئێوارانیش لەگەڵ راهێنەرێکی تایبەتی بووە.
ئەگەرچی پێکانێکی بچووک لە هەفتەکانی دواییدا خاوی کردەوە، بەڵام ئەو بە ئاستێکی باشەوە دەگاتە پاڵەوانییەتییەکە، بە تایبەتی ئەگەر سەرنج لە ژمارەکانی بدرێت. لە کۆتا پێنج یاریی فەرمی خۆیدا لە خولی ئەمریکی لەگەڵ ئینتەر مەیامی، مێسی پێنج گۆڵی کردووە و هەشت ئەسیستی پێشکەش کردووە. بە گشتی، لەم وەرزەدا 12 گۆڵ و 8 ئەسیستی لە 14 یاریی خولی ئەمریکیدا هەبووە.
مێسی لە کۆتا یاریی ئینتەر مەیامی لە MLS لە بەرامبەر فیلادێلفیا تووشی پێکان لە ماسوولکەی پشتەوەی رانی چەپی بوو. دوای بەسەربردنی چەند هەفتەیەک لە دەرەوەی یاریگا، لە دووەم یاریی دۆستانەی ئەرجەنتین لە بەرامبەر ئایسلەندا گەڕایەوە. تەنیا دوو خولەک دوای هاتنەنێو یاریگاوە، تۆپەکەی بۆ لاوتارۆ مارتینێز رێکخست، کە جووڵەکەی ئەو بووە هۆی لێدانی سزا و مێسی خۆی کردی بە گۆڵ.
چاوەڕوان دەکرێت لە یەکەم یاریی ئەرجەنتین لە مۆندیال لە بەرامبەر جەزائیر بە شێوازی سەرەکی یاری بکات. جیهان چاوەڕێی مێسی دەکات؛ مێسی خۆی جیهانە.



