هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق شێری ماڵەوە و رێوی دەرەوەی یاریگای خۆیەتی
لە دەرەوەی یاریگای خۆی تووشی پێنج دۆڕان بووە و لە یاریگای خۆی نەدۆڕاوە
یاریگا –
هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق شێری ماڵەوە و رێوی دەرەوەی یاریگای خۆیەتی، لە یاریگای خۆی هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە کەچی لە دەرەوەی یاریگای خۆی پێنج یاریی دۆڕاندووە.
هەولێر لە گەڕی چواردەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە دەرەوەی یاریگای خۆی 2-1 بە تەڵەبەی میوانداریی دۆڕا، کە لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەکۆی 7 یاری تووشی 5 شکست بووە، تەنیا بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە ئەویش بەرامبەر دهۆک بوو، لە یارییەکیش بەرامبەر نەفتی میسان یەکسان بووە و تەنیا 4 خاڵی بەدەستهێناوە.
هەولێر لەم وەرزە لە خولەکە، لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەکۆی 7 یاری تەنیا 5 گۆڵی کردووە و 17 گۆڵیشی لێکراوە.
یانەکەی قەڵاومنارە کە لەم وەرزە لە خولەکە بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ لە پلەی دەیەم دێت، لە یاریگای فڕانسۆ هەریری ئەنجامەکانی باشترن، لە 7 یاری 4 بردنەوە و 3 یەکسانبوونی بەدەستهێناوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 15 خاڵی کۆکردووەتەوە و 15 گۆڵی کردووە و 8 گۆڵی لێکراوە.
هەولێر لە گەڕی داهاتوو هەر لە بەغدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی کەرخ، دواتر لە گەڕی شازدەم میوانداریی کەربەلا دەکات، لە گەڕی حەڤدەم دەبێتە میوانی نەفت و لە گەڕی هەژدەمیش میوانداریی قوە جەوییە دەکات، لە دوایین یاریی قۆناخی یەکەمیش لە سلێمانی دەبێتە میوانی نەورۆز.