ریال مەدرید واز لە چێڵسی ناهێنێت؛ پاش کوکورێیا هەوڵەکانی بۆ ئەستێرەیەکی دیکەی چێڵسی دەستپێدەکات
مێرێنگی ئامادەکاریی بۆ بۆمبێکی دیکە دەکات

یاریگا –
بەمەبەستی گواستنەوەی ئینزۆ فێرناندێزی ئەرجەنتینی، ریال مەدرید ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ فەرمییەکان لەگەڵ چێڵسی دەکات.
تۆڕی تۆک سپۆرت، لە زاری رۆژنامەنووسی بەناوبانگ، بێن جەیکبز، بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید ئێنزۆی کردووەتە ئامانجی ژمارە یەکی ئەم هاوینە و دەیەوێت لەدوای یەکلاییکردنەوەی گرێبەستی مارک کوکورێیان، ناوەڕاستکارە ئەرجەنتنییەکەش لە چێڵسییەوە پەلکێشی ریزەکانی بکات.
Real Madrid set to approach Chelsea over Enzo Fernandez as they assess midfield options.
Chelsea’s asking price is £120m.🇦🇷https://t.co/hJhBbdUUOM
— Ben Jacobs (@JacobsBen) June 17, 2026
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، چێڵسی دەرگای بەڕووی فرۆشتنی ئێنزۆ دانەخستووە، بەڵام نرخێکی خەیاڵییان لەسەر داناوە کە 120 ملیۆن پاوەندە، هەروەها پێگەی خۆی بەهێز دەبینێت و هیچ کێشەیەکی نییە ئەگەر یاریزانەکە بمێنێتەوە، بۆیە ئامادەنین بە نرخێکی کەمتر دەستبەرداری بن.
ئێنزۆ، خۆی بە تەواوی پەرۆشی پۆشینی درێسی ریال مەدریدە و تەنانەت لە مانگی نیسانی رابردوو، بەهۆی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەی بە حەزی خۆی بۆ چوونە مەدرید دابوو، لەلایەن کارگێڕیی چێڵسییەوە بۆ دوو یاریی سزادرا و دوورخرایەوە.
بریکاری نوێی یاریزانەکە، ئەستێرەی پێشووی ئەرجەنتین خاڤیێر باستۆرییە، کە ئێستا تەنیا یەک کار لەپێشینەی کارەکانیەتی؛ ئەویش گواستنەوەی ئێنزۆیە بۆ بێرنابیۆ.
سەرچاوەکە دەشڵێت، هۆکاری سەرەکی گرنگیدانی لۆس بلانکۆس بە ئێنزۆ ئەوەیە کە دەتوانێت وەکوو یاریزانی ژمارە 6 [رۆڵی بەرگری]، ژمارە 8 [ناوەڕاست] و ژمارە 10 [ پشت هێرشبەر] یاریی بکات.
هاوکات ریال مەدرید چاوی لەسەر رۆدری ئەستێرەی مانچێستەر سیتی و ماتیۆس فێرناندێش، یاریزانی وێستهامیشە، بەڵام رۆدری گرێبەستی نوێی مان سیتی لەسەر مێزەکەیەتی و فێرناندشیش لەلایەن مانچێستەر یونایتدەوە داواکراوە.
ئێنزۆ لە کانوونی دووەمی ساڵی 2023 لە بێنفیکاوە بەرامبەر 106 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە یانەکەی باکووری لەندەن کرد، تاوەکوو ئێستا 169 یاریی لەگەڵ ئەو یانەیە کردووە، 31 گۆڵی کردووە و 30 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.



