بێلینگهام دەمی رەخنەگرانی داخست؛ گەڕانەوەی پاشای ژمارە 10
پیاوی کاتە سەختەکان گەڕایەوە

یاریگا –
دوای وەرزێکی سارد و پڕ لە رەخنە لەگەڵ ریال مەدرید، زۆرێک گومانیان لەوە هەبوو کە جود بێلینگهام شایستەی ئەوەیە لە پێکهاتەی سەرەکی ئینگلتەرا بێت لە مۆندیالدا یان نا، بەڵام بە پێشاندانی ئاستێکی بەرز لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەی، وەڵامێکی توندی هەمووانی دایەوە.
تەنانەت تۆماس تۆخێلی راهێنەریش لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا هۆشداری توندی پێدابوو کە ئەگەر لە یارییە دۆستانەکاندا خۆی نەسەلمێنێت، بەهۆی درەوشانەوەی مۆرگان رۆجەرز پێگەکەی لەدەستدەدات.

سەرەڕای فشارەکان، تۆخێل وەکوو یاریزانی سەرەکی لە پشت هێرشبەرەکانی هەڵبژاردەکەی یاریی پێکرد.
لە نیوەی یەکەمدا، بێلینگهام ئاستێکی هێندە باڵای پێشکەش نەکرد، بەڵام جیاوازییەکە ئەوە بوو کە تینوێتی و حەزێکی لەڕادەبەدەری پێوە دیار بوو بۆ سەلماندنی خۆی، ئەو شتەی کە لە تەواوی وەرزەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لای ون ببوو.
کرواتیا دوو جار گۆڵەکانی ئینگڵتەرای یەکسان کردبووەوە، بێلینگهام لە سەرەتای گێمی دووەم، بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی سێیەم و سەرکەتنی پێشکەشی ئینگلیزەکان کرد.



