یاریگا –
مانجێستەر یونایتد سێیەم شکستی لەسەریەکیان چەشتەوە کاتێک ئەمشەویش لە میانی گەڕی 18ی پرێمەرلیگ 2-0 بەرامبەر وڵڤرهامپتن دۆڕان.
مان یو گێمی یەکەم بە گۆڵێکی نایابی ماتیۆس کونیا لە پاش بوون، هیوایان ئەوەبوو روبن ئامۆریم لە گێمی دووەمدا قسەی خۆی هەبێت و نەهێڵێ بۆ دووەم یاری لەدوای یەک دوای شکستە سەختەکەی بۆرنمۆس 0-3 لە یەکشەممەی رابردوو، تاڵاوی دۆڕاندن بنۆشنەوە. بەڵام هەر دوو خولەک دوای دەستپێکی گێمی راهێنەران، برونۆ فێرناندێش بە ئەنجامدانی فاوڵێکی توند لە دژی نێڵسن سیمیدۆ، دووەم کارتی زەرد و پاشان سووری بەڕوودا بەرزکرایەوە و هاوکێشەکەی لە ئامۆریم تێکدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆری ئۆپتا بۆ ئامار و ریکۆردەکان، ناوەراستکارە پۆرتوگالیەکە یەکەمین یاریزانە لەوەتەی نمانیا ڤیدیچ لە وەرزی 2008-2009، لە میانی یەک وەرزدا 3 جار کارتی سووری پێبدرێت.
پێشتر کاپتنەکەی مان یونایتد لە یارییەکەیان بەرامبەر پۆرتۆ لە یۆرۆپالگ و پاشان یاری دواتر بەرامبەر تۆتنهام کارتی سووری وەرگرتبوو. بەڵام ئەوەی دواتریان سزاکەی لەسەر لابردرا.
بەو ئەنجامە، مان یو بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ لە پلەی 14 گیرساونەتەوە و یاریی داهاتووشیان بەبێ یاریسازە پۆرتوگالیەکەیان دووشەممەی داهاتوو بەرامبەر نیوکاسڵە.