یاریگا –
دهۆک لە یاریگای خۆی دووەم سەرکەوتنی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە دەستهێنا و هاتە پێش نەورۆز.
لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریی هەشتەمی خۆی لە خولەکە، دهۆک دووەم سەرکەوتنی لەم وەرزە بە دەستهێنا و بە ئەنجامی 3 _ 1 لە دیالای بردەوە، پاشەنگ عەبدوڵا دوو گۆڵ و پیتەر گۆرگیس گۆڵەکانی دهۆکیان تۆمار کرد.
ئەندرێس گارسیا یاریدەدەری راهێنەری دهۆک دەربارەی سەرکەوتنەکەیان دوای یارییەکە گوتی:
هەموومان پێش یارییەکە دەمانزانی کە دیالا تیپێکی زەحمەت دەبێت بۆ ئێمە، گێمی یەکەم بە ئاستێکی باش و بەهێز دەرکەوتین، یاریزانەکانمان توانایەکی زۆریان خستبووە گەڕ لە نێو یاریگادا، بەشێوەیەک یارییمان کرد وەک ئەوەی بەرامبەر تیپێکی خەلیج یاریی دەکەین.
پاشەنگ عەبدوڵا هێرشبەری دهۆک کە لەم یارییە دوو گۆڵی تۆمار کرد و به ئەستێرەی یارییەکەش دەستنیشانکرا دوای یارییەکە بە دەزگاکانی راگەیاندنی راگەیاند:
پیرۆزە لەو هاندەرە دڵسۆزانەمان کە هەمیشە پاڵپشتی تیپەکەن، سەرکەوتنەکەمان بەرامبەر تیپێکی باش و بەهێز بوو، بەردەوام دەبین لە پیشاندانی ئەو ئاستە بەرزە و سەرکەوتنەکانمان.
بەم سەرکەوتنە دهۆک لە هەشت یاریی کۆی خاڵەکانی گەیاندە هەشت خاڵ و لە ریزبەندی 17ـەم دێت، هەڵۆکانی چیا هاتنە پێش نەورۆز کە بە هەمان خاڵ لە ریزبەندی 18ـەم دێت و یارییەکی دواخراویشیان بەرامبەر یەکتر هەیە، لە گەڕی 11ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقیش دهۆک لە بەغدا ( 12ـی دیسێمبەری 2024 ) بەرامبەر حدود یاریی دەکات.