یاریگا –
ریال مەدرید بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ئەپڵ کار لەسەر پڕۆژەیەکی سەرسوڕهێنەر دەکات.
فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید ئاشکرایکرد، لەگەڵ کۆمپانیای ئەپڵ بۆ دروستکردنی چاویلکەیەکی تایبەت لە دانوستاندان. دەیانەوێت لە رێگەی ئەو پڕۆژەیە کۆتایی بە کێشەی دەستنەکەوتنی بلیتی یارییەکان بهێنن.
ئەپڵ بە نیازە چاویلکەیەک بۆ هاندەران دروست بکات لە رێگەیەوە دەتوانن راستەوخۆ لە ماڵەوە تەماشای یارییەکانی ریال مەدرید بکەن وەک ئەوەی خۆیان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بن.
پێرێز ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو هاندەرانی یانەکە دەیانەوێت سەردانی سانتیاگۆ بکەن، بەڵام بەهۆی سنوورداری رێژەی بلیتەکان هەمووان ناتوانن بلیت بەدەستبهێنن ئەمەش کێشەی بۆ زۆرێک لە هاندەران دروست کردووە.
مێرێنگی دەیەوێت لە رێگەی ئەو چاویلکەیە دەرفەت بۆ هەموو هاندەرانی یانەکەی لە سەرانسەری جیهان بڕەخسێنێت لەناو ماڵەکانی خۆیان ئەزموونی ئامادەبوون لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنایۆ تاقیبکەنەوە و چێژ لە چرکە ساتەکانی یارییەکانی یانەکە لە یاریگاکەدا وەربگرن.
کۆمپانیای ئەپڵ لە سەرەتای ئەمساڵ ئامێری ئەپڵ ڤیژن پڕۆی بڵاوکردەوە، ئامێرەکە بە 12 کامێرا و 6 مایکرۆفۆن و چەند هەستەوەرێک بەستراوەتەوە، بەکارهێنەران دەتوانن لە رێگەی چاو و دەستیانەوە ئەپڵیکەیشنە جیاوازەکان کۆنترۆڵ بکەن و تەماشای فیلم، وێنە و دیمەنی سەرنجڕاکێش بکەن.
کۆمپانیاکە پەرە بەو بەرهەمەی دەدات و لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە چاویلکەیەکی پێشکەوتووتر بە چەندین تایبەتمەندی جیاوازتر دروست دەکات، بەڵام پڕۆژەکە کاتی پێویستە و هاندەرانی ریال مەدرید پێویستە لانی کەم تاوەکو ساڵێکی دیکە چاوەڕوانی دروستکرانی بەرهەمەکەبن.