یاریگا –
راهێنەری دهۆک باس لە یارییەکەی بەرامبەر زەفار دەکات و دەڵێت بەچاوێکی تر سەیری یارییەکە دەکەین.
چوارشەممە ( 6ـی نۆڤێمبەری 2024 ) لە گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، دهۆک لە عومان رووبەرووی زەفار دەبێتەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنمەوانیدا ئەمرۆ لە عومان مەسعود میرال راهێنەری دهۆک دەربارەی یارییەکە گوتی:
سوپاسی خەڵکی عومان دەکەم پێشوازیەکی گەرمیان لە ئێمە کرد، یارییەکەی ئێمە بەرامبەر تیپێکی زەحمەتە وێرای گۆڕینی چەند راهێنەرێکیان، پێویستە کۆنتڕۆڵی خۆمان بکەین و تیپی بەرامبەر بە تەواوی بخوێنینەوە، یارییەکەی سبەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە بۆیە بە چاوێکی تر سەیری یارییەکە دەکەین.
هارون ئەحمەد ناوەراستکاری دهۆک کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ئامادەبوو، سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ یارییەکەی زەفار گوتی:
ئەنجامە خراپەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقمان لە بیر کردووە و سەرنجمان لە سەر یارییەکەی زەفارە، وەکو یاریزان هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بگەڕێینەوە دهۆک.
دهۆک لە یاریی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو لە یاریگای خۆی لە ئەهلی سەنعای یەمەنی بردەوە، زەفاری عومانیش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 5 _ 2 بە نەسری ئیماراتی دۆڕا، یاریی داهاتوو دهۆک میوانداری نەسر دەکات و زەفاریش لە یاریگای خۆی بەرامبەر ئەهلی سەنعا یاریی دەکات.