بارسێلۆنا بۆ گەڕانەوەی گاڤی سوپرایزێکی ئامادە کردووە
یاریگا –
بارسێلۆنا فیلمێکی دیکۆمێنتاریی تایبەت سەبارەت بە پڕۆسەی 11 مانگ چاکبوونەوەی گاڤی لە دوای پێکانەکەی بڵاو دەکاتەوە.
بارسا وەن فیلمێکی دیکۆمێنتاریی دوو بەشیی بەرهەمهێناوە کە باس لەو 11 مانگە دەکات کە گاڤی لە پێکانێکی سەختی ئەژنۆیدا چاکبووەتەوە. لەم دۆکیۆمێنتارییە وردەدا، رۆژ بە رۆژی ژیانی ئەو یاریزانە لاوە دەگێڕدرێتەوە لەو کاتەوەی لە کاتی یارییەکەی ئیسپانیا و جۆرجیا لە 19ی تشرینی دووەمی 2023 تووشی پێکان بوو. دوای چەند رۆژێک دکتۆر مۆنیلاو، پسپۆڕێکی شارەزای ئەو بوارە، نەشتەرگەری بۆ کرد و پێشبینی دەکرا نزیکەی ساڵێک لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.
بەگوێرەی ئەو کەسانەی کە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەیان بینیوە، گاڤی باس لە هەست و ئەزموونەکانی دەکات لە کاتی پرۆسەی چاکبوونەوەدا و گرتە ڤیدیۆییەکانی چارەسەری فیزیایی و سەردانییەکانی بۆ لای دکتۆر پیشان دەدات. هەروەها گەرانەوەی وردە وردە بۆ یاریگاکانی تۆپی پێ.
View this post on Instagram
جگە لەم یاریزانە ئەندەلوسییە، ئەو پزیشک و فیزیۆتراپیستانەی کە لە ماوەی یازدە مانگی رابردوودا چارەسەریان بۆ کردووە، لەم دۆکیۆمێنتاریەشدا قسە دەکەن و ساتەکانی سەختی ناوەڕاستکارەکە لە سەرەتای پێکانەوە تا چاکبوونەوەی تەواوەتی باس دەکەن.
فیلمە دیکۆمێنتارییەکە لە دوو بەش پێکهاتووە کە نزیکەی 40 خولەکە و ئامانجی بارسا ئەوەیە کاتێک گاڤی بە تەواوی گەڕایەوە یاریگاکان بەڵگە فیلمەکە پەخش کات.
بڕیارە ئەمشەو لە مۆنجویک بەرامبەر سیڤییا یاریی بکات، ئەمەش دوای یازدە مانگ و رۆژێک دوای پێکانەکەی. بێ گومان ئەمە لە باشترین هەواڵەکانە کە هاندەرانی بارسێلۆنا لەم وەرزەدا دەتوانن وەریبگرن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش فیلمە دیکۆمێنتارییەکە دەربارەی ئەو یاریزانە ناوەڕاستە بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێت لەڕووی بینەرەوە.