یاریگا –
فشارەکانی سەر پڕۆسەی ‘دادگایی سەدە’ زیاددەبن و بەرپرسێکی باڵای پێشووی مانچێستەر سیتی لە دۆخەکە نیگەرانە.
مان سیتی بە 115 سەرپێچی دارایی تۆمەتبارە، گوایە لە ساڵانی نێوان 2009 تاوەکو 2018 سەرپێچییەکانی کردووە و دوێنێ دووشەممە، دانیشتنەکان بۆ گوێگرتن لە روونکردنەوەکانی مانچێستەر سیتی لە لەندەن دەستیپێکردووە و رەنگە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بێت.
لەدوای کڕینەوەی یانەکە لە لایەن شێخ مەنسوود، خاوەنی گرووپی ئەبوزەبی یونایتد لە ساڵی 2008، مانچێستەر سیتی هەشت نازناوی پرێمەرلیگ، یەک چامپیۆنزلیگ، سێ جامی FA، شەش نازناوی جامی خول، جامێکی سوپەری ئەوروپا و نازناوی مۆندیالی یانەکانی بەدەستهێناوە.
ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی مانچێستەر سیتی کراون
- نەدانی زانیاری وردی دارایی.
- شاردنەوەی بەشێکی زۆری زانیارییەکان لەبارەی پاداشت کردنی یاریزانان، راهێنەران و کەسانی هونەری یانەکە.
- پێشێلکردنی یاساکانی یاریی خاوێنی پرێمەرلیگ و یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا
- هاوکاری نەبوون لە لێکۆڵینەکانی لیژنەکانی پرێمەرلیگ.
دەیڤد بێرنشتاین، سەرۆکی مانچێستەر سیتی لە ساڵی 1993 تاوەکو 2003 نیگەرانی خۆی لە دۆخی یانەکە دەربڕی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس دەڵێت
بە گەیشتنی کەسیەکە بەم قۆناخە سورپرایز نەبووم. 115 سەرپێچییەکە لە ماوەیەکی زۆردا کراون، ئەوەی ئێمە دەیخوێنینەوە، تۆمەتەکان مەترسیدارن و دەبێ وەڵام بدرێنەوە. دەبووایە زووتر ئەم کێشەیە چارەسەربکەن، بەڵام راستە ئەمجۆرە کەیسانە پێویستییان بە کاتی زیاترە. من یەکێکم لە هاندەرانی مانچێستەر سیتی، پێشتریش سەرۆکی یانەکە بووم و ئێستا زۆر نیگەرانم. دەبێ مانچێستەر سیتی بە باشترین پارێزەر بەرگری لە خۆی بکات، ئەم کەیسە زۆر قورسە.
مان سیتی لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بە سەردەمێکی زێڕین تێپەڕیوە، لە یانەیەک کە رکابەری لەسەر پلەکانی ناوەڕاستی ریزبەندی دەکرد، ئێستا یەکێکە لە باشترین یانەکانی جیهان و بە سەرکردایەتی پێپ گواردیۆلا، بوونە پاڵەوانی ئەوروپا و جیهان. هەروەها من سیتی بووە یەکەم یانە لە مێژووی پرێمەرلیگ، چوار جار لەسەریەک نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێت. بێرنشتاین ترسی لە دۆڕانی کەیسەکە هەیە و ئەمەش مێژووی نوێی مانچێستەر سیتی دەسڕێتەوە
بەڕاستی شەرمەزارییە یانەکەمان بەم دۆخە گەیشتووە، بەداخەوە ئێستا ئەگەری سڕینەوەی ئەم مێژووە گەورەیە هەیە، بەڵام با بزانین چی روودەدات، لەوانەیە هیچ تۆمەتێکی لەسەر ساخ نەبێتەوە.
یەکەمجارنییە مانچێستەر سیتی بەهۆی پێشێلکاری داراییەوە، خۆی لە قەفەسی تۆمەتەکان دەدۆزێتەوە.
لە ساڵی 2020، بەهۆی زێدەڕۆییکردن لە خەمڵاندنی داهاتی سپۆنسەرەکان لە ساڵانی نێوان 2012 و 2016، مانچێستەر سیتی بۆماوەی دوو ساڵ لە چامپیۆنزلیگ دوورخرایەوە، بەڵام دواتر تانەیان لە بڕیارەکەدا و کەیسەکەیان بردەوە.
بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەرلایەک بێت، ئەوا لایەنی بەرامبەر مافی تانەدانی هەیە، بۆیە لەوانەیە پڕۆسەکە تاوەکو هاوینی ساڵی 2025 بەردەوام بێت.
لە وەرزی رابردوودا، سێ خاڵ لە یانەکانی ئێڤەرتن و نۆتینگهام فۆڕێست کەمکرانەوە، بەهۆی سەرپێچیکردنی رێساکانی قازانج و بەردەوامیی پرێمەرلیگ و لێستەر سیتی تانەی لەبڕیارەکەدا و خۆی دەربازکرد.