لەوانەیە ئێندریک بە خواستن ریال مەدرید بەجێبهێڵێت
نایەوێت لەسەر کورسی یەدەک دابنیشێت
یاریگا –
ئەگەر دەرفەتی پێویستی بۆ یاریکردن پێ نەدرێت، ئێندریک لە گواستنەوەی زستانە دەیەوێت بە خواستن لە ریال مەدرید بڕوات.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئێندریک تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەڵسەنگاندن بۆ ماوەی یاریکردنی لە یارییەکانی ریال مەدرید دەکات، ئەگەر لە ئاستی چاوەڕوانی ئەودا نەبێت، ئەوا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان سەرەتای ساڵی نوێ ریال مەدرید بەجێدەهێڵێت.
ئێندریکی 18 ساڵان کە ئەم هاوینە لە پالمێراسی بەڕازیلییەوە روویکردە ریزەکانی ریال مەدرید، لە هەردوو یارییە فەرمییەکەی ئەم وەرزەی یانەکەی لە جامی سوپەری ئەوروپا و لالیگا تەنانەت یەک خولەکیش دەرفەتی یاریکردنی پێنەدرا.
هێرشبەرە لاوە بەڕازیلییەکە بڕوای وایە، ئەو بە تەواوەتی بۆ کێبڕکێکردن و ململانێکردن لەسەر پێکهاتەی سەرەکی و وەرگرتنی مافی یاریکردن ئامادەیە، بەڵام ئەگەر دەرفەتی پێویستی پێنەدرێت، ئەوا سەرەتای ساڵی نوێ بە خواستن مێرەنگی بەجێدەهێڵێت.
ئێندریک لە یاریی بەرامبەر ئاتاڵانتا لە جامی سوپەری ئەوروپا و یاریی بەرامبەر ریال مایۆرکا لە گەڕی یەکەمی لالیگا لەسەر کورسی یەدەک بوو، کارلۆ ئەنچیلۆتی بەهیچ شێوەیەک دەرفەتی یاریکردنی لەو دوو یارییە بە کوڕە بەڕازیلییەکە نەدا.