گرنگترینمۆندیالی 2026

نەریتێکی سەیر دەیسەلمێنێت پۆرتوگال مۆندیال دەباتەوە!

Yariga App

یاریگا –

تۆزێ پێش ئێستا پۆرتوگال لە قۆناخی 32ی مۆندیالی 2026 توانی 2-1 لە کرواتیا بباتەوە و خۆی بگەیەنێتە قۆناخی 16ی پاڵەوانێتیەکە.

پۆرتوگالیەکان گێمی یەکەم بەتەواوەتی یاریگایان کۆنترۆڵ کردبوو، لە بەرامبەردا کڕواتیەکان بە هێڵی تۆکمەی بەرگریی نەیانهێشت کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوتیمەکانی بگەنە سەر تۆڕی گۆڵەکەیان و ئەو گێمە 0-0 کۆتایی هات. لە گێمی دووەمدا لوکا مۆدریچ و هاوتیمەکانی باشتر دەرکەوتن و چەندین هێرشی مەترسیداریان کردە سەر گۆڵەکەی کۆستا تا لە خولەکی 53 ئیڤان پێریسیچ گۆڵی کردنەوەی یارییەکەی تۆمارکرد. دواتر تیمەکەی مارتینێز فشارەکانیان زیادکردەوە و تا لە رێگەی لێدانێکی کۆرنەوە لێدانێکی سزایان بۆ گیردرا و رۆناڵدۆ لە خولەکی 68 گۆڵی پێ تۆمارکرد. لە خولەکە زیادکراوەکانی یارییەکەشدا گۆنژالۆ رامۆس گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد.

نەریتێکی سەیر لە پاڵەوانێتی مۆندیال و تەنانەت یۆرۆش هەیە (تەنها جگە لە یۆرۆی 2008)، بەوەی مێژوو دەیسەلمێنێت هەر هەڵبژاردەیەک لە قۆناخەکانی کرانەدەرەوە لە کرواتیای بردبێتەوە، بووەتە پاڵەوان!

کرواتیا دوای سەربەخۆیی لە یوگۆسلاڤیا لە ساڵی 1991، بۆ یەکەمین جار لە یۆرۆی 1996 لە پاڵەوانێتیە کیشوەریەکان بەشداریکرد. لەو پاڵەوانێتیەدا ئەڵمانیا لە چارەکی کۆتایی کروتیای کردەدەرەوە، لە کۆتاییدا مانشافت بووە پاڵەوان. تۆمارەکان بەم شێوەیە:

یۆرۆی 1996: ئەڵمانیا کڕواتیای دەرکرد، ئەڵمانیەکان بوونە پاڵەوان.

مۆندیالی 1998: فەڕەنسا لە چوارگۆشەی زێڕین لە کڕواتیای بردەوە، کەڵەشێرەکان بوونە پاڵەوانی مۆندیال.

یۆرۆی 2008: لە چارەکی کۆتایی لەلایەن تورکیا کرایەدەرەوە، لەو پاڵەوانێتیەدا ئیسپانیا جامەکەی بردەوە.

یۆرۆی 2016: پۆرتوگال لە قۆناخی 16 کرواتیای کردەدەرەوە، پۆرتوگال جامەکەی بردەوە.

مۆندیالی 2018: فەڕەنسا لە فیناڵ لە کڕواتیای بردەوە و کەڵەشێرەکان بووەنە پاڵەوان.

مۆبدیالی 2022: ئەرجەنتین لە پێش کۆتایی لە کرواتیای بردەوە و لە کۆتاییدا تانگۆ بووە پاڵەوان.

بەم بردنەوەیەی پۆرتوگال لە کرواتیا، ئەگەرچی رووداوە مێژووییەکان بۆ هاندەرانی پۆرتوگال دڵخۆشکەرن، بەڵام رێگەکەیان گوڵڕێژ نییە. بەوپێیەی لە قۆناخی 16 بەرامبەر ئیسپانیا یاریی دەکەن. لە ئەگەری گەیشتنیشیان بە چوارگۆشەی زێڕین، بەر فەڕەنسا دەکەون کە هەردوو هەڵبژاردەی ماتادۆر و کەڵەشێرەکان خۆیان وەک پاڵێوراوێکی سەرەکی دەبینن بۆ بردنەوەی نازناوەکە.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button